توژینەوەیەکی بەرفراوان لەسەر نەهەنگی سپی (بێلوگا) لە ناوچەی باکوری گۆی زەوی دەریدەخات ئەم جۆرە بوونەوەرە دەریاییە، سیستەمێکی جووتبوونی زۆر ئاڵۆزتری هەیە لەوەی پێشتر بیری لێکراوەتەوە دەرکەوتووە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێی ئەم بوونەوەرە، ڕەفتارێکی فرەهاوسەریان هەیە و توێژەران تێبینیی ئەوەیان کردووە کە ئەم نەهەنگانە بەردەوام لەگەڵ جۆری نوێ جووت دەبن و پابەند نین بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تەنیا یەک نێر یان یەک مێ.

نەهەنگی سپی جۆرێک لە شیردەری دەگمەنە و لە ژێر چیا بەفرینەکانی باکوری گۆی زەویدا دەژین. دەستڕاگەییشتن و توێژینەوە لەم جۆرە نەهەنگە ئاسان نییە و کار و بودجەیەکی زۆری پێویستە.

لە ماوەی 13 ساڵدا توێژەرانی زانکۆی فلۆریدا ئەتڵانتیک، بەڕێوەبەرایەتیی زیندەوەرانی دەریایی و وشکانیی حکوومەتی ئالاسکا و ڕاوچییە ڕەسەنەکانی بریستۆڵ بەی، توێژینەوەیان لەسەر 623 نەهەنگی سپی کردووە.

بەهۆی کەمیی توێژینەوەکان لەو بوارەدا، توێژەران پشتیان بە بیردۆزی پەرەسەندن بەستووە. بۆ نموونە نێری ئەم نەهەنگانەی باکووری گۆی زەوی قەبارەیان زۆر گەورەترە لە مێیەکان و مێیەکان تەنیا یەک بێچوویان لە چەند ساڵێکدا دەبێت. بەهۆی قەبارە و شێوازی دەرکەوتنیانەوە، نێرەکان دەتوانن سەرنجی مێیەکان بۆ خۆیان ڕابکێشن.

ئۆ'کۆری-کڕۆ یەکێک لە توێژەران لەو بارەیەوە دەڵێت ''ئێمە پێمان وایە نەهەنگە سپییەکان پەیڕەوی لە سیستەمێکی فرەهاوسەری دەکەن'' ئەمەش بەو مانایەی کە هەم نێرەکان و هەم مێیەکان پابەند نین بە تەنیا یەک هاوسەرەوە و بەڵکوو لەگەڵ جۆری جیاواز جووت دەبن.

ئەم فرەهاوسەرییە وایکردووە کە پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوان ئەو ژمارە کەمەی نەهەنگە سپییەکاندا دروست بێت و جووتبوونەکان لە نێو خزمەکاندا نەمێنێتەوە. ئەمەش پێچەوانەی پێشبینییە سەرەتاییەکانی توێژەران بوو. بۆیە پێیان وایە کە ئەمە دەشێت نهێنیی خۆگونجاندن و مانەوەی ئەو ژمارە کەمەی کۆمەڵگەی نەهەنگە سپییەکان بێت.

توێژەران هەروەها دەڵێن لەوانەیە هەموو کۆمەڵگەکانی نەهەنگە سپییەکان بە هەمان سیستەم مامەڵە نەکەن. بۆ نموونە جیاوازیی قەبارەی نەهەنگەکانی بریستڵ بەی بەم جۆرە بەرچاو نییە و جیاوازییەکی کەم لە قەبارەی نێوان نێر و مێیەکاندا هەیە. بۆ تێگەییشتن لە شێوازی ئەوان، لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە.

ئۆ'کۆری-کڕۆ هەروەها دەڵێت ''هێشتا ئەوەمان بۆ ڕوون نییە کە بۆچی مێیەکان لە وەرزی بەکەڵبوونیاندا لەگەڵ چەند نێرێکدا جووت دەبن.''

ئەم توێژینەوەیە یەکێکە لە وردترین توێژینەوەکان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیی نەهەنگە سپییەکان و ئەم هەڵسوکەوتەشیان بە هۆکاری مانەوەی فرەڕەنگی لەنێوانیان لە قەڵەم دەدەن.