بەدواداچوون – INA
ئیدارەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە، دابەزینێکی گەورەی لە کۆگاکانی نەوتی خاوی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند، لە بەرامبەردا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە کۆگاکانی بەنزین و بەرهەمە پاڵاوتراوەکاندا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بەدی کراوە.
ئیدارەی ناوبراو لە ڕاپۆرتی هەفتانەی خۆیدا، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە: "کۆگاکانی نەوتی خاو بە بڕی 8 ملیۆن بەرمیل دابەزینیان تۆمارکردووە و گەیشتوونەتە 433.7 ملیۆن بەرمیل لەو هەفتەیەی کە لە 29ی ئایاری ڕابردوو کۆتایی هاتووە"، ڕوونیشیکردۆتەوە: "ئەم دابەزینە زۆر زیاتر بووە لە پێشبینییەکانی شرۆڤەکاران کە ئاماژەیان بە دابەزینی تەنها 4 ملیۆن بەرمیل دەکرد".
ڕاپۆرتەکە دەڵێت: "کۆگاکانی نەوتی خاو لە ناوەندی سەرەکیی دابەشکردن لە (کوشینگ) لە ویلایەتی ئۆکلاهۆما بە بڕی 583 هەزار بەرمیل دابەزیون"، ئاماژەی بەوەشکرد: "پرۆسەکانی پاڵاوتنی نەوتی خاو بە بڕی 90 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمی کردووە، لە کاتێکدا ڕێژەی کارکردنی پاڵاوگەکان بە ڕێژەی 0.2 خاڵی سەدی زیادی کردووە و گەیشتووەتە 94.7 لەسەدا".
لە بەردەوامیی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "کۆگاکانی بەنزین بەرزبوونەوەیەکی چاوەڕواننەکراویان بە بڕی 3.4 ملیۆن بەرمیل تۆمارکردووە و گەیشتوونەتە 215 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا پێشبینییەکان ئاماژەیان بە دابەزینی 0.5 ملیۆن بەرمیل دەکرد"، لە هەمان کاتدا سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشاوە کە "کۆگاکانی بەرهەمە پاڵاوتراوەکان (کە دیزل و ڕۆنی گەرمکردنەوە دەگرێتەوە) بە بڕی 1.5 ملیۆن بەرمیل زیادیان کردووە و گەیشتوونەتە 102.3 ملیۆن بەرمیل".
ڕاپۆرتە حکومییەکە ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە: "تەواوی هاوردەکردنی نەوتی خاوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، بە بڕی 249 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزینی بەخۆوە بینیوە".
