بەغداد – INA
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان سەباح نوعمان، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئکیدیکردەوە: ئەو لێژنەیەی بە ڕێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان پێکهێنراوە دەستی بە کارەکانی کردووە بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، ڕوونیشیکردەوە: دابڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ حەشدی شەعبی، پێکهاتنەوەی تەشکیلاتەکان و دەستەبەرکردنی مافی کارمەندەکان لەخۆدەگرێت.
نوعمان لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "عێراقیە نیوز" کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "ئەم لێژنەیە بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و بە بڕیارێکی تەواو عێراقی پێکهێنراوە، وەک وەڵامدانەوە و بەدەمەوەچوونێک بۆ داوای مەرجەعیەتی رەشید، وە هەروەها بۆ ئەوەی کە لە پرۆگرامی وەزاری و سیاسەتی حکومەت و ڕێبازی سەرۆک وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا هاتووە بۆ سنووردارکردنی چەک و یەکخستنی گوتاری ئەمنی".
ئەوەشی خستەڕوو: "لێژنەکە پێکهێنراوە و دەستی بە کارەکانی کردووە، و میکانیزمەکان دادەنێت بۆ تێکەڵکردن و پەیوەستبوونی تەشکیلاتە پێوەندیدارەکان، و ڕادەستکردنی چەک و کەلوپەل و سەربازگەکان بە لایەنە ئەمنییەکانی عێراق".
نوعمان ڕوونیکردەوە: "سەرجەم چەک و کەلوپەلەکان ڕادەستی لێژنەی ناوەندی و لایەنە ئەمنییەکانی عێراق دەکرێن، و لە ماوەی دوو ڕۆژدا جەردێکی تەواو ڕادەستی لێژنەی ناوەندی دەکرێت کە لەژێر سەرپەرشتی و ڕێنمایی و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندایە".
ئاماژەی بەوەشدا: "لێژنەی ناوەندی چەندین لایەن لەخۆدەگرێت، لەوانە بەرگری، ناوخۆ، سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، و دەستەی حەشدی شەعبی، و میکانیزمەکە دادەنێت بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆسەیە لە ماوەیەکی پێوانەییدا و کاتێکی زۆر ناخایەنێت"، و وتیشی: "کارەکان بەپێی میکانیزمی کارگێڕی و یاسایی و هەروەها لە چوارچێوەی لۆجستی و تەکنیکیدا بەڕێوەدەچن".
نوعمان دەڵێت: "دەستەواژەی (دابڕاندنی پەیوەندی) چوارچێوەی کارگێڕی و پێکهاتنەوەی ئەم تەشکیلاتانە لەناو دەزگا ئەمنییەکاندا، و دەستەبەرکردنی مافی جەنگاوەران و تێکەڵکردنیان لەگەڵ تەشکیلاتە سەربازییەکاندا دەگرێتەوە".
راشیگەیاند: "سەرۆک وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، دیدگایەکی ئابووری هەیە بۆ پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە"، ئاماژەی بەوەشکرد: کە "ئەمڕۆ عێراق شایەتی دۆخێکی ئەمنی سەقامگیرە، و سەرجەم هەڕەشە تیرۆریستییەکان لەناو براون".

