دیوانیە – INA - سەفات عەزاوی

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان، موسەنا تەمیمی، ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرۆشی وەزارەتەکەی بۆ دابینکردنی بەشە ئاوی پارێزگای دیوانیە دووپاتکردەوە، و جەختی لەسەر گرنگی دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاو و پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی ئاودێری کردەوە، هاوکات گرتنەوەی پارێزگاکەی بە چاندنی بەرهەمی برنج لە چوارچێوەی پلانی هاوینەدا ڕاگەیاند.

تەمیمی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا كە دوای سەردانەکەی بۆ پارێزگای دیوانیە سازی کرد و پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیبوو، ڕایگەیاند: "وەزارەت تەرکیز دەکاتە سەر دابینکردنی بەشە ئاوی پارێزگاکە؛ چونکە پارێزگایەکی کشتوکاڵییە و سەرچاوەی تری نییە، جگە لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابەشکردنی ئەو بەشە ئاوانەی پێی دەگات، و پشتگیریکردنی فەرمانگەکانی وەزارەت و چاککردنەوەی پڕۆژەکانی ئاودێری و فەرمانگەی کارپێکردن و پێکهاتەکانی تری سەر بە وەزارەت، بە شێوازێک کە بەشداربێت لە بەدیهێنانی تێربوونی ئاو لە ژێر تیشکی دۆخی ئێستای کۆگای ئاو لە عێراقدا".

ئەوەشی خستەڕوو: "دیوانیە بەشێکی دەبێت لە چاندنی چەڵتوك و بەرهەمی برنج"، ئاماژەی بەوەشکرد: لە نزیکەوە ئاگاداری دیارترین کێشە و بەربەستەکان بووە کە ڕووبەڕووی پڕۆژەکانی ئاودێری دەبنەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە بڵاوبوونەوەی گژوگیا، کە پێش دە ڕۆژ ڕێنمایی دابوو بۆ لابردنی، و ئەمڕۆش بەدواداچوونی بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان لە "شەتتی دەغارە" کردووە، لەسەر ئەوەی پرۆسەکانی لابردنی ئەو گژوگیایە لە تەواوی ڕووبار و ئەو ناوچانەی تریش کە تێیدا بڵاوبووەتەوە بەردەوام بێت.

تەمیمی ڕوونکردنەوەی دا کە "هەندێک ناوچە بەدەست کەمیی ئاوەوە دەیانناڵاند، بەڵام کۆگای ئاو لە ماوەی ڕابردوودا باشتر بووە دوای ئەوەی پێش چوار مانگ نزم بوبووەوە"، تەئکیدیشیکردەوە لە "پەرۆشی وەزارەت بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی پلانی کشتوکاڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەکان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان؛ بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی وەرزی چاندنی برنج".