بەغداد – INA – حەسەن فەواز
وەزیری پەروەردە عەبدولکەریم عەبتان جبووری، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختیکردەوە: کە خوێندنەوە ممارەسەیەکی بوونگەراییە کە مرۆڤ سەرلەنوێ بنیاد دەنێتەوە و توانای تێگەیشتن لە خۆی و کۆمەڵگەکەی و جیهانی دەوروبەری پێدەبەخشێت، ئاماژەی بەوەشکرد: نزیکەی ٤ ملیۆن خوێندکاری کوڕ و کچ لەسەر ئاستی عێراق بەشدارییان لە قۆناغەکانی پێشبڕکێ و پاڵاوتنی تایبەت بە چاڵەنجی خوێندنەوەی عەرەبیدا کردووە.
جبووری لە گوتارەکەیدا لە میانەی ئامادەبوونی لە چالاکییە ئامادەکارییەکانی دەیەمین وەرزی ئاڵنگاری خوێندنەوەی عەرەبی، کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) گواستوویەتیەوە، ڕایگەیاند: "عێراق بۆ پێنجەمین ساڵی لەسەریەک بەشداری لەم پڕۆژە ڕۆشنبیرییە گەورەیەدا دەکات؛ لەبەر باوەڕبوونی بەوەی کە بنیادنانی مرۆڤ لە بنیادنانی عەقڵەوە دەستپێدەکات، و نەتەوەکانیش بە هۆشیاری و مەعریفە و توانایان لە بەرهەمهێنانی بیرکردنەوەدا دەپێورێن".
ئەوەشی خستەڕوو: "خوێندنەوە تەنها کردارێکی پەروەردەیی تێپەڕ نییە، بەڵکو شێوازێکی ژیانە کە بەشدارە لە بنیادنانی کەسایەتی و گەشەپێدانی توانای قووڵبوونەوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە"، ڕوونیشیکردەوە کە "دەرگای بەشداریکردن لەبەردەم سەرجەم خوێندکارانی عێراقدا کراوەتەوە، لە قۆناغی یەکەمی سەرەتاییەوە تا شەشەمی ئامادەیی لە پارێزگا جیاجیاکاندا".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە بەشدارییان لە قۆناغەکانی پێشبڕکێ و پاڵاوتندا کردووە لەسەر ئاستی عێراق، گەیشتووەتە نزیکەی ٤ ملیۆن خوێندکاری کوڕ و کچ"، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "ئەم ژمارەیە ڕەنگدانەوەی گەشەکردنی هۆشیارییە بە گرنگی خوێندنەوە و ڕۆڵی لە دروستکردنی داهاتوودا".


