بەغداد – INA
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی دابڕاندنی حەشدی شەعبی و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی فالح زەیدی، پێشوازی لە دوو شاند کرد لە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی (سڵاوی خوای لێبێت)".
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ "ئەو هەڵوێستە بەرپرسیارانەی کە لەلایەن شێخ قەیس خەزعەلی و سەید شبل زەیدی-یەوە نیشان دراوە، و بەشداربوونیان لە بەهێزکردنی ڕەوتی بنیاتنانی دەوڵەتدا لە ڕێگەی وەڵامدانەوەی ڕێنماییەکانی مەرجەعییەتی باڵای ئاینی، و پشتگیریکردنی ئاڕاستەکانی حکومەت و کارنامە وەزارییەکەی لە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، و چوونە ژێر سایەی دەوڵەت و فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان".
بەپێی بەیاننامەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە: "عێراق ئەمڕۆ شاهیدی وەرچەرخانێکی گرنگە لە سایەی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییە گەورەیەی کە بەدیهاتووە، ئەمەش وایکردووە قۆناغی ئێستا ببێتە قۆناغی بنیاتنان، ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی هەمەلایەنە، کە ئەمەش پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی هەموو عێراقییەکان هەیە بۆ بەشداریکردن لە چاكسازیكردنی وڵات و جێگیرکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت".
سەرۆک وەزیران ستایشی "قەبارەی ئەو قوربانیانەی کرد کە ڕۆڵەکانی هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان بە سەرجەم پێکهاتەکانیانەوە پێشکەشیان کردووە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیانەی کە هەڕەشەیان لە بوونی دەوڵەتی عێراق دەکرد"، جەختیشیکردەوە کە "حەشدی شەعبی یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکان لە بەدیهێنانی سەقامگیری ئەمنیدا، و ڕۆڵەکانی ئەمڕۆ نوێنەرایەتی کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی دەکەن لە کاروانی بنیاتنان و گەشەپێداندا لە پاڵ باقی دامەزراوەکانی تری دەوڵەتدا".
بەپێی بەیاننامەکە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا بە: "پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش کە ئەرکی داڕشتنی میکانیزمی گونجاو بێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی دابڕاندن لە حەشدی شەعبی و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا"، بە شێوازێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دەستوور و یاسادا و دەسەڵاتی دەوڵەت بەهێز بکات، و بەشدار بێت لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری و چەسپاندنی پڕۆژەی دەوڵەتێکی عێراقی بەهێز کە توانای بەدیهێنانی خواستەکانی هاوڵاتیانی هەبێت.


