بەغداد – INA
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان حسێن تاڵب، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: قەرەباڵغی بەردەم وێستگەکانی سووتەمەنی لە ماوەی ٤ ڕۆژی داهاتوودا کۆتایی دێت.
تالیب لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی "الوطن والناس" لە کەناڵی عێراقیە نیوز کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "ماددەی بەنزین بەردەستە و هیچ قەیرانێک نییە، بەوپێیەی تێکڕای بەکاربردن لە ماوەی ڕابردوودا ٣٢ ملیۆن لیتر بووە لە ڕۆژێکدا، لەکاتێکدا قەبارەی دابینکردن دوێنێ گەیشتووەتە ٣٥ ملیۆن لیتر، واتە بە زیادبوونی سێ ملیۆن لیتر لە تێکڕای بەکاربردنی سروشتی کە لە ناو پلاندا پەسەند کراوە".
وتیشی: "ئەم ژمارانە پەیامێکی دڵنیایین بۆ هاوڵاتیان کە نەکەونە داوی دەنگۆکانەوە، بەتایبەت کە سەرجەم وێستگەکانی سووتەمەنی لە بەغداد کراوەن و بەردەوامن لە کارەکانیان بە شێوازێکی سروشتی".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو دواکەوتنەی هەندێک لە هاوڵاتیان دەیبینن، دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی گواستنەوەی سووتەمەنی، بەتایبەت دوای ئەوەی سەنتەرەکانی دابینکردن لە (بێجی، کەربەلا، دۆره و باشوور) كەوتنە كار"، ڕوونیشیکردەوە: "رەنگە هەندێک وێستگە بە شێوەیەکی کاتی ڕابوەستن لەکاتێکدا وێستگەکانی دیکە بەردەوام دەبن لە کارکردن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی لەسەر ژمارەیەک لە وێستگەکان".
سەبارەت بە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم دواکەوتنە سەرەڕای تۆمارکردنی ئاستی خۆبژێوی لە ساڵانی ڕابردوودا، تاڵب ڕوونکردنەوەی دا: "کەرتی پاڵاوتن لە ناوخۆی وڵاتدا بە تەواوی کاردەکات، تەنها یەکەی FCC لە باشوور نەبێت کە نزیکەی ٤ ملیۆن لیتر بەنزینی ئۆکتان بەرز بەرهەم دەهێنێت؛ ئەم یەکەیە لە ناو پلانی وەزارەتدا بوو و لە شوباتی ٢٠٢٦دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە بەهۆی ئەو بارودۆخەی بەسەر ناوچەکەدا هات، کشایەوە."
باسی لەوەشکرد: "ئەو جیاوازییەی لە نێوان بەرهەمی ناوخۆیی و بەکاربردندا لە مانگەکانی ئازار، نیسان، مایس و سەرەتای حوزەیراندا هەبوو، لە ڕێگەی عەمباری ستراتیژیی وڵاتەوە پڕکراوەتەوە"، ئاماژەی بەوەشدا: "حکومەت، لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی وزەدا، ڕێنمایی داوە بە هاوردەکردنی بڕی زیادە بۆ دابینکردنی عەمباری ستراتیژی".

