بەغداد - INA

سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی، و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دادوەر فایق زێدان، ئەمڕۆ چوارشەممە، تاوتێی ژمارەیەک مەلەفی یاساییان کرد کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتووی سەرۆکایەتییەکاندا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایق زێدان، پێشوازی لە سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی کرد، و لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان لە ژمارەیەک مەلەفی یاسایی کرد کە لە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی سەرۆکایەتییەکاندا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت کە بڕیارە بەم زووانە سازبکرێت".

لە بەیاننامەیەکی تردا، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، ڕایگەیاند: "هەردوو سەرۆک لە دیدارەکەدا پێداچوونەوەیان بە بارودۆخی گشتیی وڵاتدا کردووە، و جەختیان لەسەر گرنگیی سەروەریی یاسا و پاراستنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کردووەتەوە".

بەپێی بەیاننامەکە، سەرۆک کۆمار، ئاماژەی بە "پەرۆشیی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ پشتگیریکردنی دەسەڵاتی دادوەری و بەهێزکردنی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە دەستوورییەکانی بەو شێوەیەی هاوکار بێت لە پاراستنی مافەکانی هاوڵاتیان و چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری" کردووە، هەروەها ستایشی "ئەو ڕۆڵەی کردووە کە دامەزراوەی دادوەری دەیگێڕێت لە پاراستنی سیستمی دەستووری و بەهێزکردنی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت".

هەروەها جەختی لەسەر "پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکان لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا، و پێشخستنی بەرژەوەندیی گشتی کردەوە لە پێناو تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتی ئێستا و بەهێزکردنی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و ئەولەویەتە بژێوی و خزمەتگوزارییەکانی و پاراستنی سەروەریی وڵات".

لەلایەن خۆیەوە، دادوەر فایق زێدان جەختیکردەوە: كە "ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئەرکەکانی خۆی بە سەربەخۆیی و بەپێی یاسا و دەستوور جێبەجێ دەکات"، ئاماژەشی بە "پەرۆشیی ئەنجومەنەکە دا بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، پاراستنی ماف و ئازادییەکان، و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیان".