بەغداد - INA
بەڕێوبەری کارگێڕی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق، نەدیم کەریم، دووپاتی کردەوە کە ئەو کەمپە ڕاهێنانەی ئێستا لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، بە یەکەم کۆبوونەوەی ڕاستەقینەی ئەو یاریزانانە دادەنرێت کە بەم دواییانە هێنراونەتە ڕیزی هەڵبژاردەکەوە.
کەریم لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "ماوەی ڕاگرتنی نێودەوڵەتی کە لە یەکەمی ئەم مانگەوە تا نۆیەم بەردەوام دەبێت، دەرفەتێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی یاریزانان و سازدانی یەکەم کۆبوونەوەی ڕاستەقینەی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی نوێ، کە یاریزانانی لەدایکبووانی ساڵانی 2005 و 2006 لەخۆدەگرێت، ئەمەش ئەو تەمەنەیە کە پەسەندکراوە بۆ بەشداریکردن لە خولە ئۆڵۆمپییەکانی داهاتوودا"، ڕوونیشیکردەوە کە "کەمپەکە ئەنجامدانی دوو یاری دۆستانە لە دژی هەڵبژاردەی ڕووسیای خوار تەمەن 23 ساڵ لەخۆدەگرێت، ئەمەش هەنگاوێکی باشە بۆ هاوئاهەنگی و لێکخشانی وەرزشی پێش شایستە فەرمییەکان".
وتیشی: "هەڵبژاردەکە بەشداریکردنێکی گرنگی لە خولی یارییەکانی ئاسیادا لەپێشە کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا لە ژاپۆن بەڕێوەبچێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "بەرنامەی ئامادەکاری بۆ ئەم پاڵەوانێتییە جیاوازە لەو بەرنامەیەی کە تەرخانکراوە بۆ پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆس 2026".
ڕوونیشیکردەوە کە "تاقمی هونەری 26 یاریزانی بۆ بەشداریکردن لە کەمپی تورکیا هەڵبژاردبوو، بەڵام بەستراوەیی ژمارەیەک لە یاریزانان بە هەڵبژاردەی یەکەمی نیشتمانییەوە، سەرەڕای پابەندبوونی هەندێک لە یاریزانانی یانەی (کەرەمە) لەگەڵ یانەکەیان لە گەڕی کۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ڕێگر بوو لە پەیوەندیکردنیان لە سەرەتای کەمپەکەوە"، ئاماژەی بەوەشدا کە "لە ئێستادا 22 یاریزان لەگەڵ هەڵبژاردەکەدان، و بڕیاریشە سێ یاریزانی دیکە لە سێیەم ڕۆژی ئەم مانگەدا پەیوەندی بکەن، لەگەڵ یاریزانی یانەی شورتە ئادەم تاڵب".
کەریم لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "تاقمی هونەری خاوەنی بنکەیەکی زانیاری تایبەتە بۆ چاودێریکردنی ئەو یاریزانانەی کە شیاون بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی لەم تەمەنەدا"، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە "هەندێک لەو یاریزانانەی لە ئێستادا لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمدان هێشتا تەمەنیان ڕێگەیان پێدەدات بەشداری لەگەڵ ئۆڵۆمپیدا بکەن"، جەختیشی کردەوە کە "بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە هەڵبژاردنی یاریزانان تەنها لە دەسەڵاتی بەڕێوبەری هونەری هەڵبژاردەکەدایە، وەک بەرپرسی یەکەم بۆ دیاریکردنی گونجاوترین كارمهندان بۆ نوێنەرایەتیکردنی تیپەکە لە شایستەکانی داهاتوودا".
