بەغداد - INA - ویسام مەلا
وەزارەتی گەیاندن، ئەمڕۆ سێشەممە، پلانێکی ڕاگەیاند بۆ بەستنەوەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی کەرتی تایبەت بە مەنزومەی پۆستەوە بۆ ئەوەی وەک بریکار لەژێر چەتری ئەو کەرەتەدا کاربکەن، ئەمەش لە ڕێگەی دروستکردنی کۆگای زیرەک لە ماوەی داهاتوودا.
زەینەب عەبدولساحیب بەنا، بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای گشتی پۆست و پاشەکەوت، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "پۆستی عێراقی گەشەسەندنێکی بەرفراوان و خێرا بەخۆیەوە دەبینێت لە بواری خزمەتگوزارییەکاندا و لە کاغەزییەوە گۆڕاوە بۆ ئەلیکترۆنی، ئەمەش لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ئەندامێتی یەکێتی پۆستی جیهانیدا کە بیرۆکەی کەڵەکەبوو دەبەخشێت، و ڕێنمایی پێداوین بەرەو گەشەکردنی پۆست لە ڕێگەی بەئۆتۆماتیککردنەوە ".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پۆست پێشکەشیان دەکات بریتین لە پەسەندکردنەکانی (تصدیقات) وەزارەتی دەرەوە، و ڕێککەوتنێک لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەدا هەیە، و سەکۆی (تسهیل) دروستکراوە کە بەخۆڕایی لەسەر مۆبایل جێگیر دەکرێت و دەچنە ناویاوە بۆ بەکارهێنانی بە مەبەستی گەیاندنی بەڵگەنامەکان و لەژێر بەڕێوبەرایەتی کۆمپانیاکەدایە"، ڕوونیشیکردەوە کە "ئەم سەکۆیە بە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانەوە دەبەسترێتەوە کە یەکێکیان وەزارەتی دەرەوەیە و ئەپڵیکەیشنەکەی لایە، و بەستنەوەکە لەگەڵیدا ئەنجامدراوە".
وتیشی: "هاووڵاتی لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە داواکاری پێشکەش دەکات بۆ پەسەندکردنی بەڵگەنامەکانی لەلایەن وەزارەتی دەرەوە و گەیاندنی بۆ ماڵی هاووڵاتییەکە لە ڕێگەی فەرمانبەری پۆستەوە و بە کرێیەکی ڕەمزی"، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە "فەرمانگەی پۆست گواستنەوەی ئاسمانی نێودەوڵەتی و پۆستی خێرای هەیە و بە نرخێکی زۆر گونجاوە بە بەراورد لەگەڵ کەرتی تایبەتدا".
باسی لەوەشکرد: "فەرمانگەی پۆست گواستنەوەی لەناوخۆی عێراق و دەرەوەشیدا هەیە، و خاوەنی سەکۆیەکی تایبەتە بۆ داخڵکردنی ئەو کۆمپانیا تایبەتانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە مۆڵەتیان پێدراوە، بۆ ئەوەی لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بن".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "فەرمانگەکە لە ئێستادا هەوڵدەدات پلانێک لەگەڵ ئەنجومەنی پێشبڕکێ و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری دابنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی، و لە ماوەی داهاتوودا کۆمپانیاکانی تایبەت بە گواستنەوەی ناوخۆیی و دەرەکی کە لە عێراقدا کاردەکەن، لەگەڵ پۆستدا بە شێوەی بریکارایەتی پۆست و لەژێر چەتری کۆمپانیاکەدا کاردەکەن، ئەمەش لە ڕێگەی کۆگا و بیمەکانمانەوە و دابینکردنی گواستنەوە لە بەغداوە بۆ پارێزگاکان"، جەختیشی کردەوە کە "ئەم پلانە لە ماوەی داهاتوودا لە ڕێگەی کۆگای زیرەکەوە لە ڕێگەی فەرمانگەی پۆستەوە جێبەجێ دەکرێت".

