بەغداد - INA

دەستەی دەستپاکی ئەمڕۆ سێشەممە، ڕەوانەکردنی چوار بەرپرسی باڵای لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای دیالە بۆ دادگا ڕاگەیاند، ئەمەش لەسەر بنەمای قۆستنەوەی پۆستەکانیان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵی گشتی.

دەستەی دەستپاکی لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌: "کارمەندانی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی لە پارێزگای دیالە توانیویانە پڕۆسەیەکی بەفیڕۆدان (اختلاس) و دزینی کەرەستەی کارەبایی ئاشکرا بکەن کە بەهایەکەی بە زیاتر لە (١.٧) ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، و چوار بەرپرسی باڵایان لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکەدا خستووەتە داوەوە؛ ئەمەش لەسەر بنەمای قۆستنەوەی پۆستەکانیان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵی گشتی".

له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌ ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌ "دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تیمی کاری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیالە، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆ و بەدواداچوونی بەردەوامی سەرۆکی دەستەکە، محەمەد عەلی لامی، چوونەتە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای دیالە، و لەوێ توانیویانە (٤) بەرپرسی باڵای بەڕێوەبەرایەتییەکە بخەنە داوەوە؛ بەهۆی ئەوەی هەستاون بە دزینی کەرەستەی کارەبایی لە کۆگاکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە و بەفیڕۆدانی بڕی پارەکەیان کە بە (١,٦٤٤,٦٠٠,٠٠٠) ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، ئەمەش بووەتە هۆی بەهەدەردانی ماڵی گشتی. ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرپەرشتیارانی کۆگاکان گەواهییان داوە کە کەرەستەکان نەهاتوونەتە ناو کۆگاکان و هیچ کامیان وەرنەگیراون".

ڕوونیشی کردووەتەوە کە "لە ماوەی پڕۆسەکەدا کە بەپێی یاداشتێکی دادوەری جێبەجێ کراوە، دەستبەسەر چه‌ندین بەڵگەنامەکانی خەرجکردن ، 'کۆپییە کاربۆنییەکان'، فۆرمەکانی دەرکردن و یاداشتەکانی خەرجکردنی تایبەت بە کەیسەکەدا گیراوە"، و ڕایگەیاندووە کە "تۆمەتباران هەستاون بە ڕێکخستنی بەڵگەنامەی خەرجکردنی نایاسایی و مۆرکردنیان لەلایەن چاودێری ناوخۆیی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە، و هێشتنەوەی دوو کۆپی لای دوو لە تۆمەتبارەکان"، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشاوە کە "ئەو میکانیزمەی پەیڕەو دەکرێت دوای هاتنی کەرەستەکان بریتییە لە تۆمارکردنیان بەپێی بەڵگەنامەیەکی گواستنەوە کە لەلایەن سەرپەرشتیاری کۆگاکەوە واژۆ دەکرێت، پاشان دەخرێتە ناو یەکەی ژمێریاریی کۆگاکەوە".

لە کۆتاییدا هاتووە کە "دادوەرى دادگای لێکۆڵینەوەی بەعقوبە کە تایبەتە بە کەیسەکانی دەستپاکی، بڕیاری ڕاگرتنی (توقیف) تۆمەتبارانی داوە بەپێی حوکمەکانی ماددەی (٣١٦) لە یاسای سزاداندا".