بەغدا – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،سەید عەمار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی و ، شێخ قەیس خەزعەلی ،ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، جەختیان لە گرنگیی پشتیوانیکردنی حکومەت و توانادارکردنی بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان کردەوە.

نووسینگەی سەید حەکیم لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا ڕایگەیاند: سەید عەمار حەکیم،سەرۆکی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، پێشوازی لە شێخ قەیس خەزعەلی،ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق کرد .

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشدا : دیدارەکە ژمارەیەک دۆسیەی ئێستای تاوتوێ کرد، لە سەرووی هەموویانەوە پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی و تەواوکردنی کابینەی وەزاری، کە هەردولا جەختیان لە پێویستیی بەردەوامبوون لە ڕاوێژە سیاسییە ناوخۆییەکان کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی عەلی زەیدی و توانادارکردنی بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی هەن.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە کە کۆبوونەوەکە جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی وەبەرھێنان لەم قۆناغە بۆ دەستپێکردن بەرەو چارەسەری ئابووریی کاریگەر کە ئابووریی نیشتمانی بجووڵێنێت و سەرچاوەکانی هەمەچەشن بکات، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر چالاککردنی کەرتی بەرهەمهێنان و بەهێزکردنی سەرچاوەکانی داهات، هەروەها جەختیان لە پێویستیی یەکخستنی هەڵوێستەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا کردەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە : لە ئاستی هەرێمیشدا،هەردولا "گەشبینی خۆیان دەربڕی کە ڕاوێژەکانی ئێستای ناوچەکە بگاتە چارەسەرێکی هەمیشەیی و دادپەروەرانە کە سەقامگیری بگەڕێنێتەوە و ڕێگری لە پەرەسەندن بکات، و ئاماژەشیان بەوەدا کە ناوچەکە بەرگەی گرژیی زیاتر ناگرێت، چونکە بە خراپی کاریگەری لەسەر ئاسایشی جیهانی و بەرژەوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.