بەغداد – INA – ئامنە سەلامی

ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی فیدراڵی، ئەمڕۆ هەینی، تەواوبوونی سەرجەم ڕێکارە تەکنیکییەکانی تایبەت بە مەلەفی دامەزراندنی ڕاگەیاند، لە هەمانکاتدا ڕاگرتنی ڕاگەیاندنی دامەزراندنەکان و فۆرمی پێشکەشکردنی بەستەوە بە ٣ تەوەرەی سەرەکییەوە.

گوتەبێژی ئەنجومەنەکە فازڵ عەبدولزەهرە غەڕاوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ڕاگرتنی دامەزراندنە نوێیەکان و فۆرمی پێشکەشکردنی ئەلیکترۆنی بە چەند هۆکارێکەوە بەستراوەتەوە و تەنیا لەسەر لایەنی تەکنیکی ناوەستێت".

وتیشی: "دامەزراندن لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەستراوەتەوە بە سێ تەوەرەی سەرەکی؛ یەکەمیان فەراهەمکردن و هێنانەکایەی پلەی وەزیفی ، دووەمیان دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی پێویست، کە ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ و ئەو پلە وزیفییە و تەرخانکراوە داراییانەی تێیدا دەبێت، سێیەمیشیان پێویستیی وەزارەت و لایەنە حکومییەکانە بە پسپۆڕییە داواکراوەکان بەپێی پلان و میلاکی فەرمانبەری خۆیان".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی فیدراڵی لە ڕووی تەکنیکییەوە سەرجەم ڕێکارەکانی پەیوەست بە مەلەفەکانی دامەزراندن، میکانیزمەکانی پێشکەشکردن و فۆرمی دامەزراندنی تەواو کردووە، بەڵام ئەنجومەنەکە هێشتا چاوەڕوانی پەسندکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ دەکات بۆ ئەوەی بزانرێت چی تێدایە لە تەرخانکراوی دارایی و پلەی وەزیفی نوێ، تاوەکو بە مەبەستی دەستپێکردنی ڕێکارە تەکنیکییە تایبەتەکان بە مەلەفی دامەزراندن کارەکانی پێ بکرێت".

دووپاتیشیکردەوە: "ئەنجومەنەکە پەرۆشی سەرجەم ڕۆڵە دەرچووەکانیەتی، و بەپێی بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و پیشەیی لە بەڕێوەبردنی مەلەفی دامەزراندندا کار دەکات، بە پشتبەستن بە بنەماکانی شەفافیەت، دەستپاکی، دادپەروەری و یەکسانی لە سەرجەم ڕێکارەکانی پێشکەشکردن، بەربژێرکردن و دابەشکردندا، بە شێوەیەک کە دەستەبەرکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان مسۆگەر بکات".