بەغداد - INA

هەڵبژاردەی نیشتمانیمان، ئەمڕۆ هەینی، یەکەمین یاری ئامادەکاری خۆی لە چوارچێوەی کەمپە ڕاهێنانەکەیدا کە لە ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، دەستپێدەکات؛ ئەمەش بە ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە لە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەندۆرا لەسەر یاریگای "مۆنتیلیڤی"، وەک ئامادەکارییەک بۆ یارییەکانی کۆتایی جامی جیهانی ٢٠٢٦.

بڕیارە یارییەکە لە کاتژمێر حەوتی ئێوارەدا دەستپێبکات، لە نێوان تمووح و چاوەڕوانییەکانی ستافی هونەریدا بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سوودی هونەری لەم ڕووبەڕوبوونەوەیە، چ لەسەر ئاستی بەرزکردنەوەی ئامادەیی جەستەیی یان پتەوکردنی هەماهەنگی و گونجانی نێوان یاریزانان پێش دەستپێکردنی پێشبڕکێ فەرمییەکان.

ڕووبەڕوبوونەوەی ئەندۆرا لە چوارچێوەی زنجیرەیەک یاری دۆستانەدا دێت کە ستافی هونەری هەڵبژاردەی عێراق بە سەرپەرشتی ڕاهێنەری ئوسترالی (گراهام ئارنۆڵد) دایڕشتووە، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ئامادەیی توخمە سەرەکییەکان و تاقیکردنەوەی چەندین بژاردەی هونەری و تاکتیکی لە ماوەی کەمپە ئەوروپییەکەدا.

شێرەکانی ڕافیدەین بە ورەیەکی بەرزەوە بەردەوامن لە ئامادەکارییە چڕەکانیان، چونکە ئارنۆڵد هەوڵدەدات تیمێکی هاوسەنگ بنیاد بنێت کە بتوانێت لە پاڵاوتنەکانی داهاتوودا بە شێوازێکی بەهێز دەربکەوێت، لەگەڵ تەرکیزکردن لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هونەری و ڕاستکردنەوەی هەندێک لەو لایەنانەی کە لە یارییەکانی پێشوودا دەرکەوتبوون.

ئومێد دەکرێت هەڵبژاردەی عێراق کەمپەکەی بە ڕووبەڕوبوونەوەیەکی بەهێز لە دژی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە چواری حوزەیرانی داهاتوودا لە شاری لاکۆرۆنیا کۆتایی پێ بهێنێت، لە تاقیکردنەوەیەکدا کە بە دیارترین تاقیکردنەوەی ناو پرۆگرامی ئامادەکارییەکە دادەنرێت، بەهۆی ئەو بەها هونەرییە گەورەیە و ئەزموونەی کە هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا هەیەتی.