بەغداد – INA – محەمەد تاڵبی

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییە گشتییەکان، ئەمڕۆ هەینی، جەختیکردەوە: داخستنی پردی حەمرین وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بووە بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان، هاوكات تەندروستی و بێبەکێشەیی پێکهاتەی پردەکە و ڕاگرە کۆنکریتییەکانی بە تەواوی پشتڕاستکردەوە.

وتەبێژی وەزارەتەکە نەبيل سەفار، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "داخوران لە لایەکانی پردی حەمریندا ڕوویداوە، بەهۆی ئەوەی ئەوانە بەربەستی خۆڵین و لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕووکەشکردنی لێژاییە لایەییەکانی بەربەستەکەوە نەپارێزراون"، ڕوونیشیکردەوە: "بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی حەمرین بووەتە هۆی داخورانی لێوارەکانی لایە خۆڵینەکان."

وتیشی: "ڕێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە گەیشتووەتە 89% و تا ئێستا بە شێوەیەکی کۆتایی تەواو نەکراوە، و هاتوچۆپێکردنی پردەکە لە پێشوودا تەنها کاتی بووە."

سەفار ئاماژەی بەوەشکرد: "بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبان و پردەکانی دیالە، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی فەرمانگەی ڕێگاوبان و پردەکان، نووسراوێکی ئاراستەی نوسینگەی پارێزگاری دیالە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەیی پۆلیس کردووە بە مەبەستی داخستنی پردەکە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتی بەکارهێنەرانی ڕێگاکە"، جەختیشیکردەوە: "پێکهاتەی پردەکە لە ڕووی بیناسازییەوە 100% بێبەکێشەیە و ڕاگرە کۆنکریتییەکانیش دروستن، و کێشەکە تەنها لە لایە خۆڵینەکاندایە.