بەدواداچوون - INA

یەکێتیی ئەوروپا سزای نوێی بەسەر چوار ڕێکخراو و سێ نیشتەجێبووی توندڕەوی ئیسرائیلیدا سەپاند، ئەمەش لە پاشخانەی تێوەگلانیان لە ئەنجامدانی پێشێلکاریی مەترسیدار و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ دژی هاووڵاتیانی فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراودا.

لە ڕاگەیەندراوێکی یەکێتیی ئەوروپادا، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، هاتووە: ڕێکارە سزاییە نوێیەکان بزووتنەوەی (ناحلا بۆ نیشتەجێکردن) و دانیێلا فایسی بەڕێوەبەری گرتەوە، ئەمەش بەهۆی ڕۆڵیان لە پشتگیریکردنی دروستکردنی بنکەی نیشتەجێبوون لەسەر زەوییە تایبەتەکانی فەڵەستینییەکان و ڕێگریکردن لە گەیشتنی جوتیارانی فەڵەستینی بۆ سەر زەوییەکانیان.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لیستەکە ڕێکخراوی (ریگافیم) و مئێر دۆیچی بەڕێوەبەریشی گرتووەتەوە، بەهۆی ئەوەی فشاریان دروستکردووە بۆ ڕووخاندنی موڵک و ماڵی فەڵەستینییەکان بە مەبەستی فراوانکردنی کۆنترۆڵی ئیسرائیل، کە لە نێویاندا قوتابخانەیەکی سەرەتایی کە لەلایەن ئەوروپاوە پارەی بۆ دابینکرابوو لە نزیك بێت لەحم، کراوەتە ئامانج.

هەروەها وتیشی: "سزاکان ڕێکخراوی (هاشۆمێر یۆش) و ئەبیحای سویسای سەرۆکی گرتەوە، بەهۆی پێشکەشکردنی پشتگیریی ماددی و هەماهەنگیی خۆبەخشان لە کێڵگە ئاژەڵدارییەکانی پەیوەست بە زیاتر لە ٢٨ بنکەی نیشتەجێبوونی توندوتیژ، جگە لە هەرەوەزیی (ئامانا)ی سەر بە بزووتنەوەی (گۆش ئیمۆنیم)، بەهۆی ڕۆڵی لە دابینکردنی دارایی و ئاسانکاری بۆ دروستکردنی لانی کەم ٣٠ بنکەی نیشتەجێبوون.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سزاکان بلۆککردنی دارایی و قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ ئەو کەسانەی لە لیستەکەدان لەخۆدەگرێت، ڕوونیشیکردەوە کە ئەم ڕێکارانە کۆی گشتی ئەو کەس و لایەنانەی لەژێر سیستەمی جیهانیی سزاکانی مافی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپادان، گەیاندە ١٣٦ کەس و لایەن و ٤١ ڕێکخراو.

پێشتر ئەنجومەنی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە ١١ی ئایاری ئەم مانگەدا، گەیشتبووە ڕێککەوتنی سیاسی سەبارەت بەم ڕێکارانە