بەواداچوون – INA

ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا ئەو بڕوایەی خۆی دەربڕی کە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران لەسەر ڕێڕەوی ڕاست بەڕێوەدەچن.

ترامپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی پاکستان و فەرماندەی سوپاکەی، دەرفەتێکی کورت بە ئێران دەدەم".

وتیشی: "ڕێککەوتنامە چوارچێوەییەکە لەگەڵ ئێران، کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز لەخۆدەگرێت"، ڕوونیشیکردەوە: ئەو "ڕازی نابێت بە ڕێککەوتنێکی ناڕێک و ناتەواو لەگەڵ ئێران".

جەختیشیکردەوە: "ئێمە لە ئێستادا دەتوانین گرێبەستێکی باش لەگەڵ ئێراندا واژۆ بکەین، بەڵام ڕەنگە گرێبەستێکی زۆر گەورە نەبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد: "لە ئێستادا تێگەیشتنێک لەسەر بابەتەکان لەگەڵ ئێران بەدەست هاتووە".