بەغداد – INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، تیپی تۆپی پێی غەراف سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر هاوتەکەی ئەمانەی بەغداد بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بەدەستهێنا، لە لایەکی تریشەوە یانەی کارەبا توانی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە دهۆک بباتەوە، و کەرمەش سەرکەوتنێکی زەحمەتی لە دیالە ڕفاند.
لە یاری یەکەمدا، غەراف لە چوارچێوەی گەڕی ٣٧ی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، سەرکەوتنێکی شایستەی بەسەر ئەمانەی بەغداد بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە یەک گۆڵ بەدەستهێنا.
حسێن تاریق لە خولەکی ٢٠دا گۆڵی یەکەمی بۆ غەراف تۆمارکرد، و حەسەن داخل لە خولەکەکانی ٣٢ و ٨٦دا دوو گۆڵی تری زیادکرد، لە بەرامبەردا جەبار کەریم لە خولەکی ٥+٤٥دا جیاوازییەکەی بۆ ئەمانەی بەغداد کەمکردەوە.
بەو سەرکەوتنە، غەراف ڕەسیدی خۆی بەرزکردەوە بۆ ٤٤ خاڵ لە پلەی ١٢ەمدا، لە کاتێکدا ڕەسیدی ئەمانەی بەغداد لە ٣٤ خاڵدا بەستبووی لە پلەی ١٨ەمدا.
لە یاری دووەمدا و لە هەمان گەڕدا، تیپی کارەبا سەرکەوتنێکی گرنگی لە هاوتەکەی یانەی دهۆک ڕفاند بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک.
یاریزانی پیشەگەر یانیک زاکری لە خولەکی ١٤دا گۆڵی یەکەمی کارەبای تۆمارکرد، و یاریزانی پیشەگەر سیابە ندیکی لە خولەکی ٧٩دا گۆڵی یەکسانبوونی بۆ دهۆک بەدەستهێنا، پێش ئەوەی عەلی مەهدی لە خولەکی ٤+٩٠دا گۆڵی سەرکوتنی بکوژ بۆ کارەبا تۆماربکات.
بەو سەرکەوتنە، کارەبا ڕەسیدی خۆی بۆ ٣٨ خاڵ بەرزکردەوە لە پلەی ١٣ەمدا، لە کاتێکدا دهۆک بە ٥٠ خاڵەوە لە پلەی دەیەمدا مایەوە.
لە یاری سێیەمدا، تیپی کەرمە سێ خاڵی بەنرخی خستە سەر ڕەسیدی خۆی دوای ئەوەی لە هەمان گەڕدا بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە دیالەی بردەوە.
تاکە گۆڵی کەرمە لەلایەن یاریزان ئەموری فەیسەڵ لە خولەکی ٧٩ی یارییەکەدا تۆمارکرا.
بەو سەرکەوتنە، کەرمە ڕەسیدی خۆی بۆ ٦٢ خاڵ بەرزکردەوە لە پلەی شەشەمدا، لە کاتێکدا دیالە بە ٤٦ خاڵەوە لە پلەی ١١ەمدا مایەوە.

