بەغدا - INA

ئەمڕۆ دووشەممە ، ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەی کۆبوونەوەی خۆیدا کە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بەڕێوەچوو، چەندین بڕیاری دەرکرد. لەوانە: پەسەندکردنی دابینکردنی بەرهەمی گاز (زیت الغاز) بۆ خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان بە تێکڕای (40) لیتر لە مانگێکدا بۆ هەر (1 KVA)یەک لە بەرهەمهێنان بۆ سێ مانگی داهاتوو، ئەمەش بە نرخی (200) دینار بۆ هەر لیترێک لە جیاتی (400) دینار، لەگەڵ درێژکردنەوەی گرێبەستی تایبەت بە هێڵی عێراقی-تورکی لەلایەن وەزارەتی کارەباوە بۆ ماوەی چوار مانگ.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاند: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکایەتیی سێیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، کە تێیدا باسیان لە دۆخی گشتیی وڵات کرد و چاو بەو بابەتانەدا خشێندرا کە لەسەر کارنامەی کۆبوونەوەکە بوون و بڕیاری پێویستیان لەسەر درا.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران و ئەندامانی ئەنجومەنەکە سوورەتی فاتیحایان خوێند؛ وەک ڕێزێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هێزە ئەمنییەکانمان کە لە ئەنجامی تەقینەوەی پاشماوەکانی چەکدارانی تاقمی تێرۆریستی داعش گیانیان بەخت کردبوو.

ئەوەشی خستە ڕوو کە زەیدی باسی لە گرنگیی کارەکانی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و کۆی گشتیی دەستکەوتەکانی لە بواری پاراستنی ماڵی گشتی و وردبینی دارایی خەرجییەکانی پڕۆژەکاندا کرد، کە تێیدا ئەنجومەنەکە میوانداریی سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی کرد بۆ پێداچوونەوە بە کارەکانی دیوانەکەدا. سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر ئەو ئەرکانە کردەوە کە بەخشراونەتە دیوان لە چوارچێوەی چاودێری و ڕێگری، و لە ڕێڕەوەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ڕێکخستنی خەرجییە داراییەکان و دەستنیشانکردنی ئەو چارەسەرانەی کە پێویستن لە مامەڵەکردن لەگەڵ خەرجییەکانی حکومەتدا، بە شێوازێک کە ڕایسپارد بە گرتنەبەری میکانیزمێک بۆ دیاریکردنی بنمیچێکی باڵا بۆ گرێبەستەکان، و هەرچییەک لەو بنمیچە دیاریکراوە زیاتر بێت، ڕەوانەی لیژنەیەکی ناوەندی پسپۆڕ دەکرێت کە ئەرکی ڕەزامەندیدان لەسەری دەگرێتە ئەستۆ.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، زەیدی ڕایسپاردووە بە: "پەیڕەوکردنی پرۆسەکانی وردبینی پێشوەختە و پاشوەختە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و شێوازەکانی خەرجکردن و بەکارهێنانی ماڵی گشتی"، و جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی دانەخرانی وردبینی دارایی کۆمپانیا گشتییەکان لە هەر ساڵێکدا و پێویستە لە ساڵی دارایی تێنەپەڕێت بۆ چارەسەرکردنی تێبینییەکان، و ڕەوانەکردنی حاڵەتە پێویستەکان بۆ دادگا. هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی سوودوەرگرتن لە کۆمپانیا جیهانییەکانی وردبینی، پەرەپێدانی میکانیزمی پەیڕەوکراوی وردبینی دیوان، و چاودێریکردنی پارەکان کردەوە تاوەکو کۆتایی بەکارهێنانیان لە پڕۆژەکاندا.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایسپارد بە "پێدانی دەسەڵات بە سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ گۆڕینی شوێنی بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە ئەرکەکانیاندا، و پاڵپشتیکردنی کارەکانی دیوان بە سەرجەم کادرە وەزیفی و سەرچاوە مرۆییە پێویستەکان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی".

ڕاگەیەندراوەکە بەردەوام بوو لەسەر خستنەڕووی بڕیارەکان و ڕایگەیاند کە ئەنجومەنەکە تاوتوێی چەندین بابەت و بڕیاری کرد و ئەم بڕیارانەی خوارەوەی لەسەر دان:

١. بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەت لە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان و مسۆگەرکردنی دابینکردنی وزە بۆ هاووڵاتیان، ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کرد کە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان بە بەرهەمی گاز (زیت الغاز) دابین بکرێن بە تێکڕای (40) لیتر لە مانگێکدا بۆ هەر (1 KVA)یەک لە بەرهەمهێنان، بۆ سێ مانگی داهاتوو، بە نرخی (200) دینار بۆ هەر لیترێک لە جیاتی (400) دینار، و ئامادەکردنی بڕێکی پێشبینیکراو بۆ دابینکردن کە دەگاتە (1.357) ملیار لیتر، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگاکان، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی کارەبا بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

٢. لە هەمان بابەتدا، بڕیار درا بە درێژکردنەوەی گرێبەستی تایبەت بە هێڵی عێراقی-تورکی لەلایەن وەزارەتی کارەباوە بۆ ماوەی چوار مانگ، و ئەنجومەنەکە بڕیاری خۆی ژمارە (254ی ساڵی 2026)ی هەموار کردەوە، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر ئەوە لەخۆبگرێت کە لە نووسراوی وەزارەتی نەوتدا هاتووە سەبارەت بە هێڵی عێراقی-تورکی، و پێدانی دەسەڵات بە وەزارەت بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنی تورکی بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتننامەیەکی درێژخایەن، و دیاریکردنی پێوەر، بڕی ڕادەستکردن و پێداویستییە بازرگانی و تەکنیکییەکان.

٣. لە چوارچێوەی کارەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەنجومەنەکە بڕیاری دا بە پەسەندکردنی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان وەک لایەنێکی چاودێریکەر بەسەر کارەکانی پیشەی دەڵاڵایەتی خانووبەرەوە بە مەبەستی ڕێکخستن، ئەمەش پاڵپشت بە ئەحکامەکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ششتنەوەی پارە و دارایی تێرۆریزم ژمارە (39ی ساڵی 2015).

٤. ئەنجومەنەکە پەسەندی کرد کە کۆمپانیای نەوتی باکوور گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی پاڵپشتی لۆجستی بکات کە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە ئاماژەیان پێکراوە، بۆ بەکرێگرتنی ئەو ڕووبەرە پێویستانەی دەکەونە ناو پەرژینی ئەمنییەوە بە مەبەستی دروستکردنی بارەگا و شوێنی کار بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئەمەش پاڵپشت بە یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی ماڵی دەوڵەت ژمارە (21ی ساڵی 2013ی هەموارکراو).

٥. بەهۆی پەرۆشیی حکومەت بۆ دابینکردنی کەشێکی شایستە بۆ قوتابیانی قوتابخانەکان، و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانەکان و سەنتەرەکانی تاقیکردنەوە، ئەنجومەنەکە ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر تمویلکردنی وەزارەتی دارایی بۆ حیسابی سەنتەری وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە بەغدا و پارێزگاکان، بەو بڕە پارە جیاوازییەی کە پێویستە بۆ دابینکردنی ئاو، قورسافی (قرتاسیە) و سووتەمەنی.

٦. ئەنجومەنەکە بڕیاری ژمارە (169ی ساڵی 2023)ی خۆی هەموار کردەوە، بۆ ئەوەی گرتنەوەی چالاکییە وەرزشییەکان و پاڵپشتیکردنی یانەکان لەخۆبگرێت، لەگەڵ پێدانی دەسەڵاتی خەرجکردن بە پارێزگارەکان، لە چوارچێوەی ڕێنمایی خەرجکردنی تەرخانکراوەکانی بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا.

٧. ئەنجومەنی وەزیران دەنگی دا بە ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی دوورکەوتنەوە لە باجی دوو فاقە (الازدواج الضريبي) و ڕێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج، لە نێوان عێراق و سوڵتاننشینی عوماندا.

٨. لە بواری گواستنەوەی ئاسمانیدا، ئەنجومەنەکە پەسەندی کرد کە دەسەڵات بدرێتە سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی بۆ دانوستاندن و واژۆکردن لەسەر پڕۆژەی ڕێککەوتننامەکانی گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان عێراق و هەر یەک لە: سوڵتاننشینی عومان، فەڕەنسا، قوبرس و ڕواندا، و ئامادەکردنی بەڵگەنامەکانی دەسەڵاتپێدانی تایبەتی پێویست لەلایەن وەزارەتی دەرەوە بە ناوی حکومەتی کۆماری عێراقەوە.

٩. ئەنجومەنەکە ڕێساکانی ڕێکخستنی کاری نێردەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق پەسەند کرد، و جەختی لەسەر ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی ڕێککەوتنی بارەگا کە لە نێوان عێراق و خاچی سووردا واژۆ کراوە، هەروەها ڕەزامەندی نیشان درا لەسەر پڕۆژەی یاسای چوونەپاڵی عێراق بۆ ڕێککەوتننامەی دامەزراندنی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی هاوکارییە دەریاوانییەکان، و ڕەوانەکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.