بەغداد – INA
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە جەختی کردەوە لەسەر سەپاندنی غەرامەیەکی دارایی تا 100 هەزار ڕیاڵ بۆ هەر کەسێک کە داواکاری ڤیزای سەردانی (تأشيرة زيارة) بۆ کەسێک پێشکەش کردبێت کە بەبێ مۆڵەت حەجی کردبێت یان هەوڵی ئەنجامدانی حەجی دابێت.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە،و تیایدا ڕایگەیاندووە: غەرامەیەکی دارایی تا 100,000 ڕیاڵ دەسەپێنرێت بەسەر هەر کەسێک کە داواکاری ڤیزای سەردانی بە هەموو جۆرەکانییەوە پێشکەش کردبێت بۆ کەسێک کە بەبێ مۆڵەت حەجی کردبێت یان هەوڵی ئەنجامدانی دابێت، یان چوونە ناو شاری مەککەی پیرۆز و شوێنە پیرۆزەکان یان مانەوەیان تێیدا.
هەروەک ئاماژەی بەوەشداوە: غەرامەکان بەپێی ژمارەی ئەو کەسانە زیاد دەکەن کە ڤیزای سەردانیان بۆ دەرکراوە و حەجیان بەبێ مۆڵەت کردووە یان هەوڵی ئەنجامدانیان داوە، یان چوونە ناو شاری مەککەی پیرۆز و شوێنە پیرۆزەکان یان مانەوەیان تێیدا.
وەزارەت جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوون بە ڕێنماییە ڕێکخەرەکانی وەرزی حەجی ئەمساڵ (1447ی کۆچی) و هاریکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەلامەتی میوانانی ماڵی خودا کردەوە، و دووپاتیکردەوە کە سەرپێچیکردنی ئەم ڕێنماییانە ئەنجامدەرانی تووشی سزای یاسایی دەکات.
داواشی کرد : پەلە بکەن لە ئاگادارکردنەوە دەربارەی سەرپێچیکاران لە ڕێگەی ژمارە (911) لە ناوچەکانی مەککەی پیرۆز، و مەدینەی پیرۆز،و ڕیاز و ناوچەی ڕۆژهەڵات، هەروەها ژمارە (999) لە باقی تری ناوچەکانی شانشینەکە.

