بەغدا – INA – نەساڕ ئەلحاج

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ هەینی پێنج بژاردەی بۆ چارەسەرکردنی کەمیی داهاتە داراییەکان و دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئابووریی عێراق ئاشکرا کرد، ئەوەش لەژێر تیشکی ئەو ئاڵینگارییانەی بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت و داخستنی گەرووی هورمز هاتونەتە ئاراوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی دارایی بەرەو ئامادەکردنی پلانێکی سێقۆڵیی فریاگوزاری هەنگاو دەنێت بۆ بەهێزکردنی داهاتەکان.

ساڵح لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: عێراق ڕووبەڕووی کەلێنێکی دارایی بووەتەوە کە مانگانە بە نزیکەی ٩.٥ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت بەهۆی پاشەکشەی هەناردەی نەوت، ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی دارایی بەرەو ئامادەکردنی پلانێکی سێقۆڵیی فریاگوزاری هەنگاو دەنێت کە قەرزکردنی ناوخۆیی و دەرەکی، لەگەڵ ڕێکارەکانی زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان لە ڕێگەی باج و ڕەسم و چاکسازییە داراییەکانەوە لەخۆدەگرێت.

ڕوونیشیکردەوە کە قەرزی ناوخۆیی چارەسەرێکی خێرایە بۆ دابینکردنی مووچە و پابەندییە کارپێکردنەکان ، بەڵام ڕەنگە ببێتە هۆی کێشانەوەی نەختینە لە بانکەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی دابینکردنی دارایی ناوخۆیی و لاوازکردنی دابینکردنی دارایی بۆ کەرتی تایبەت. لە بەرامبەردا، قەرزی دەرەکی نەختینەی بە دۆلار دابین دەکات و بە ڕێژەیی سەقامگیری نەختینەیی دەپارێزێت، بەڵام پەیوەستە بە مەرجەکانی چاکسازی و زیادبوونی بارگرانیی سووی قەرزەکان .

وتیشی: زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان ستراتیژترین بژاردەیە لەسەر ئاستی مامناوەند و درێژخایەن، ئەویش لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و گومرگ، و ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی باج، و کەمکردنەوەی ئابووریی نایاسایی ، و باشترکردنی کۆکردنەوەی داهات بەبێ زیانگەیاندن بە چالاکییە ئابوورییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە جێبەجێکردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی حکومی هاوکار دەبێت لە بەهێزکردنی چاودێریی دارایی و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و گەندەڵی و بەرزکردنەوەی کارایی بەڕێوەبردنی خەرجییە گشتییەکان.

ساڵح جەختی کردەوە کە چاکسازی لە کەرتی بانکیدا، بەتایبەتی هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید، پێویستییەکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی دابینکردنی دارایی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان، جگە لە گرنگیی چاکسازی لە بانکە تایبەتەکاندا بۆ بەدیهێنانی گشتگیریی دارایی و پاڵپشتیکردنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنان.

ڕوونیشیکردەوە کە کاراکردنی یاسای هاوبەشی نێوان دەوڵەت و کەرتی تایبەت دەبێتە هۆی سووککردنی فشار لەسەر بودجەی گشتی و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ، بەو مەرجەی ژینگەیەکی یاسایی جێگیر و گەرەنتی وەبەرهێنان دابین بکرێت و بەرەنگاری گەندەڵیی کارگێڕی ببنەوە، جەختیشی کردەوە کە هیچ پلانێکی فریاگوزاری سەرکەوتوو نابێت بەبێ چاکسازییەکی دارایی ڕاستەقینە کە کۆنترۆڵکردنی خەرجییە کارپێکردنەکان، و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان لە گرێبەستە حکومییەکان، و پەیڕەوکردنی لەپێشینەییەکانی خەرجی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و گەشەپێدان لەخۆ بگرێت.

ساڵح ڕایگەیاند کە قەیرانی ئێستا تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ پێکهاتەی ئابووریی عێراق کە پشت بە نەوت دەبەستێت، جەختی کردەوە کە خێراکردنی چاکسازییە دارایی و بانکییەکان و هەمەجۆرکردنی ئابووری، توانای دەوڵەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شۆکە جیۆپۆلیتیکی و ئابوورییەکان بەهێزتر دەکات.