بەغدا - INA
یەکێتی نیشتمانیی عێراق بۆ لەشجوانی و توانای جەستەیی، ئەمڕۆ هەینی، کێبڕکێکانی پاڵەوانێتی عێراق بۆ تاقیکردنەوەی توانای جەستەیی لە هۆڵی BR لە بەغدای پایتەخت ساز دەکات، کە یەکێکە لە دیارترین وێستگەکانی کێبڕکێ بۆ هەڵبژاردنی یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی ئاسیا کە بڕیارە کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو لە تایلاند بەڕێوەبچێت.
هیشام ئەلوانی، ڕێکخەری ڕاگەیاندنی یەکێتی ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: پاڵەوانێتییەکە بەپێی ئاستە پەسەندکراوەکانی کێبڕکێ (زێڕین، زیوین، بڕۆنزی) بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بۆ دەستەبەرکردنی هەلی یەکسان بۆ هەموو بەشداربووان تاوەکو تواناکانیان دەربخەن و باشترین ئەنجام لە کەشێکی کێبڕکێی ئاستبەرزدا بەدەستبهێنن.
وتیشی: کێبڕکێکان بۆ ئاستەکانی لاوان، پێشکەوتووان و دێرینەکان بۆ هەردوو ڕەگەز کراوە دەبن، ئەمەش لە چوارچێوەی پەرۆشیی فیدراسیۆن بۆ فراوانکردنی بنکەی بەشداری و پاڵپشتیکردنی بەهرە وەرزشییەکان لە ئاستە جیاوازەکاندا.
ئەلوانی ئاماژەی بەوەش کرد کە پاڵەوانێتییەکە وێستگەیەکی گرنگە بۆ ئەو وەرزشوانانەی هەوڵ دەدەن ئامادەیی هونەری و جەستەیی خۆیان بسەلمێنن و شوێنی خۆیان لە ڕیزەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانیدا بکەنەوە، ڕوونیشیکردەوە کە "ئەنجامەکانی پاڵەوانێتییەکە بە شێوەیەکی فەرمی بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکانی داهاتوودا پشتیان پێ دەبەسترێت.
