بەغداد - INA

وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ هەینی، ڕاگرتنی هاتوچۆی (ترانزێت)ی هێنانەناوەوەی ئاژەڵی زیندووی لە سووریاوە بەرەو عێراق و وڵاتانی کەنداو ڕاگەیاند، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی سامانی ئاژەڵی بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی (تای پێ و دەم - الحمى القلاعية).

وەزارەتەکە لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "ڕێکارێکی خۆپارێزی و پێشوەختەی کاتی گیراوەتەبەر کە بەپێی ئەو بڕیارە هاتوچۆی ترانزێتی ئاژەڵی زیندوو کە لە سووریاوە دێن و بەرەو عێراق و وڵاتانی کەنداو دەچن، ڕادەگیرێت"، ڕوونیشی کردەوە کە "ئەم بڕیارە لە پاش گەیشتنی زانیاری ورد هاتووە کە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی (تای پێ و دەم) لە چەند پارێزگایەکی سووریادا دووپات دەکاتەوە، کە تووشی مانگا و مەڕومەڵات دەبێت".

وەزارەتەکە ڕوونی کردەوە کە "ئەم ڕێکارە دەستبەجێیە ئامانجی پاراستنی سامانی ئاژەڵی ناوخۆییە، و ڕێگریکردنە لە دزەکردن یان گواستنەوەی نەخۆشییە پەتاواوییە سنووربەزێنەکان"، ئاماژەی بەوەش دا کە "ڕێکارە تەندروستی و ڤێتێرنەرییەکان بە تەواوی توندی و بێ جیاوازی بەسەر هەموو وڵاتاندا جێبەجێ دەکرێن، ئەمەش لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە فەرمییەکان، سیستمی چاودێری پەتایی، و بەدواداچوونی بەردەوامی میدیایی بۆ دۆخی تەندروستی لە وڵاتانی دراوسێدا".

لە هەمان چوارچێوەدا، وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداری دا لە هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکارانە کە ئامانجیان تێکدانی مێشکی هاووڵاتیان و گومانخستنە سەر کارامەیی ڕێکارە ڤێتێرنەرییە پەیڕەوکراوەکانە.

وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە کە لە پێشینەی کارە هەرە گرنگەکانی، پاراستنی ئاسایشی خۆراک، پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان، و بەهێزکردنی بەرگری سامانی ئاژەڵی وڵاتە لە هەر مەترسییەکی پەتایی.