بەغدا - INA

شێخ محەمەد یەعقوبی، مەرجەعی ئایینی، داوای لە پزیشکانی نیشتەجێی خولی کرد کە کارەکانیان ڕانەگرن، و هۆشداری دا لەوەی ئەم کارە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئازارەکانی خەڵک و ڕەنگە ببێتە هۆی گیانلەدەستدان، هاوکات داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەم توێژەی کرد.

شێخ یەعقوبی لە وەڵامی پرسیارێکی کۆمەڵێک پزیشکی خولیدا کە هەڕەشەی مانگرتنیان لە کارکردن کردبوو ئەگەر بە شێوەی هەمیشەیی دانەمەزرێنرێن ، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەکەی کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: هاوبەشی ئازار و نیگەرانییەکانتانم، چەندین جار باسی کێشەکەی ئێوەم کردووە و هەست بە بێهیوایی دەکەم؛ چونکە وڵاتەکەم نەیتوانیوە باوەش بۆ نوخبەی نەتەوە بکاتەوە کە پزیشکانن و جێگەی شانازین، بەڵام ئێمە و ئێوەش پێویستمان بە ئارامی و هاوکاری هەیە و نابێت کێشەکە گەورە بکرێت و زیان بە بەرژەوەندییەکانی خەڵک بگەیەنرێت؛ چونکە بارودۆخی ناوچەکە عێراقی لە داهاتەکەی بێبەش کردووە، بۆیە حکومەت دەستەوەستان بووە لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ئێستا، چ جای دامەزراندنی کەسی نوێ.

وتیشی: بێگومان گەندەڵیی گەورە و وەرگرتنی هەزاران دەرچوو لە زانکۆ ئەهلییەکان بەبێ پلاندانانی پێشوەختە، بەشدارە لە قووڵکردنەوەی کێشەکە. هیوادارین پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەروازەیەک بێت بۆ چارەسەر، داواش لە بەرپرسانی حکومەت دەکەین گوێ بۆ نوێنەرەکانتان بگرن تاوەکو بگەینە چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەم کێشەیەی کە نیگەرانی کردووین بەهۆی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیانی خەڵکەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڕاگرتنی کارکردنی پزیشکان واتە زیادبوونی ئازاری خەڵک و ڕەنگە ببێتە هۆی گیانلەدەستدانیان، بڕوا ناکەم هیچ پزیشکێک کە سوێندی پاراستنی شکۆی پیشەکەی و پاراستنی ئەمانەتی خواردبێت بەوە ڕازی بێت، هەرچەندە ئەو داواکارییانەی هەتانە مافێکی ڕەوایە و هیچ گومانی تێدا نییە، خوداش یارمەتیدەرە و ئەو باشترین پاڵپشت و سەرکەوتنە