بەغداد – –INA عەبدولڕەحمان حەمید
مەعەد بەدای، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی یانەی قوە جەوییە ڕایگەیاند کە ڕاهێنەری یانهكه و تەواوی یاریزانان بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەکە بەردەوام دەبن، هاوکات ڕەشید جابر، ڕاهێنەری عومانى یانهكه پیرۆزبایی بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی لە هاندەران و کارگێڕی یانەکە کرد.
بەدای بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە بە هەوڵی هەمووان هاتە بەرهەم، لە کارگێڕی، ستافی تەکنیکی و پزیشکییەوە تا دەگاتە یاریزانان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ڕاهێنەر لەگەڵ یانهكهدا دەمێنێتەوە، بەهەمان شێوەش تەواوی یاریزانەکان، لەگەڵ ئەنجامدانی چەند گۆڕانکاری و زیادکردنێک بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی تیپەکە بۆ وەرزی داهاتوو".
لەلایەکی دیکەوە، جابر بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "زەورا یانهیهكی نایابە و خاوەن یاریزانی باشە، هەمیشە ڕووبەڕووبوونەوەکانی قورس و پڕکێشمەکێشن"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "تیپەکەی لە ساتەکانی کۆتاییدا یارییەکەی یەکلاکردووەتەوە و نازناوەکەی بەدەستهێناوە".
وتیشی: "پیرۆزبایی لە هاندەرانی قوە جەوییە، کارگێڕی، یاریزانان و هەر کەسێک دەکەین کە بەشدار بووە لەم دەستکەوتەدا"، ڕوونیشیکردەوە کە "ئامانجی تیپەکە لە سەرەتای وەرزەوە گەڕاندنەوەی قوە جەوییە بوو بۆ پێگەی سروشتی خۆی وەک تیپێکی پاڵەوان و ڕکابەر، ئەمەش بە بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە هاتە دێ".
شایەنی باسە یانهی قوە جەوییە دوای سەرکەوتنی بەسەر یانەی زەورادا بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بۆ تۆپی پێ مسۆگەر کرد، ئەمەش دوای سوودبینین لە شکستەکەی یانەی شورتە بەرامبەر بە هەولێر بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر.



