بەغداد ـ INA

وەزیری پیشەسازی و کانزاکان، محەمەد نووری ئەحمەد، ئەمڕۆ چوارشەممە، وەكو وەزیری لاوان و وەرزش بە وەکالەت دەستبەكار بوو.

نووسینگەی ڕاگەیاندنەكەی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "وەزیری پیشەسازی و کانزاکان محەمەد نووری ئەحمەد، ئەرکەکانی وەک وەزیری لاوان و وەرزش بە وەکالەت وەرگرت".

ناوبراو لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ کادیرانی باڵای وەزارەتەکەدا، جەختی کردەوە لەسەر "گرنگی کارکردن بۆ دیاریکردنی کارە لەپێشینەکان و ئامادەکردنی بەرنامەیەک بۆ وەزارەت بە مەبەستی جێگیرکردنی لەناو بەرنامەی حکومەتدا، بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران".

هەروەها گوێبیستی "پوختەیەک بوو سەبارەت بە دیارترین ئەرک و پسپۆڕییەکانی وەزارەتی لاوان و وەرزش، و سروشتی کاری فەرمانگە و پێکهاتە جیاوازەکانی".