بەغداد – INA

ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەرچوونی بڕیارێکی ڕاگەیاند کە پێشێلکار و هەڵوەشێنەرەوەی بڕیارەکەی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنە سەبارەت بە سەپاندنی بڕە پارەیەک لەژێر ناوی "کرێی خزمەتگوزاری" بەسەر کۆمپانیاکانی مۆبایلدا.

لە بەیاننامەیەکی دادگادا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە، هاتووە: "ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڕیارێکی دەرکردووە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن تایبەت بە سەپاندنی بڕە پارەیەک لەژێر ناوی "کرێی خزمەتگوزاری" بەسەر کۆمپانیاکانی مۆبایلدا، ئەمەش دوای پێداچوونەوە بەو تانەیەی کە لەلایەن بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی لقی کۆمپانیای (ئەسیر) بۆ پەیوەندییەکانی عێراقی سنووردار پێشکەش کرابوو".

بەپێی بەیاننامەکە، دادوەر ئەیاد موحسین زەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی تانەدان کە تایبەتمەندە بە سەیرکردنی ئەو تانانەی لەسەر بڕیارەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن دەگیرێن، ڕوونیکردەوە: "ئەو بڕە پارانەی کە بە ڕێژەی (٢٠٪) بەسەر کارتەکانی باڵانس و ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکاندا سەپێنراون، لە ڕاستیدا باجی فرۆشتنن نەک کرێی خزمەتگوزاری"، جەختیشیکردەوە: "سەپاندنی باج و ڕسومات تایبەتمەندییەکی ڕەهای دەسەڵاتی یاسادانانە بەپێی ماددەی (٢٨/یەکەم) لە دەستووری عێراق، کە ڕێگری دەکات لە سەپاندنیان مەگەر بە یاسا نەبێت".

دادوەر زەمەد ئاماژەی بەوەشکرد: "دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن لە بڕیارەکەیدا پشتی بە ڕێنماییەکی ئەنجومەنی وەزیران بەستووە کە لە ماوەی حکومەتی کاربەڕێکەردا دەرچووە"، جەختیشیکردەوە: "حکومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتی یاسایی نییە بۆ دەرکردنی بڕیارگەلێک کە بارگرانی دارایی نوێ بخاتە سەر شانی هاوڵاتیان".

دووپاتیشیکردەوە: "ئەو بڕیارەی تانەی لێدراوە، پاڵپشتی یاسایی دروستی نەبووە، ئەمەش وایکردووە حوکمی هەڵوەشاندنەوە و پووچەڵکردنەوەی شوێنەوارە یاساییەکانی بدرێت، وبڕیارەکە بە شێوەیەکی کۆتایی و بە کۆدەنگی بەپێی حوكمەكانی بەشی (٦/ ٨) لە فەرمانی ژمارە (٦٥)ی ساڵی ٢٠٠٤ دەرچووە".