مۆسکۆ – واع – لوبنه‌ فەییاز

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، ئەمڕۆ سێشەممە، دەستپێکردنی مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی بەرفراوانی بۆ هێزە ئەتۆمییەکانی لە ماوەی نێوان 19 بۆ 21ی ئایاری ئەم مانگەدا ڕاگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەوەی کە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هەڕەشە شەڕانگێزییە ئەگەرییەکان وەسفی کردووە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مەشقەکان بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی هێزە ئەتۆمییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان دەگرێتەوە، هاوشان لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵدانی موشەکی بالیستی و کرووز لە مەیدانەکانی تاقیکردنەوە لەناو خاکی ڕووسیادا.

زیادیبا کردووە کە مانۆڕەکان ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنانی هاوبەشی ئەو چەکە ئەتۆمییانە دەگرێتەوە کە لە خاکی بێلاڕووسدا جێگیرکراون، ئەمەش بە پشکداریی هێزەکانی موشەکی ستراتیژی، هەردوو کەشتیگەلی باکوور و زەریای هێمن، فەرماندەیی فڕۆکەوانیی مەودا دوور، جگە لە یەکە سەربازییەکانی ناوچەکانی لێنینگراد و ناوەندی سەربازی.

بەپێی بەیاننامەکە، زیاتر لە 64 هەزار سەرباز لەم مەشقانەدا بەشدارن، لەگەڵ زیاتر لە 7800 پارچە چەک و کەرەستەی سەربازی، کە لەنێوانیاندا زیاتر لە 200 سەکۆی هەڵدانی موشەک، زیاتر لە 140 فڕۆکە، 73 کەشتیی جەنگی، و 13 ژێر دەریایی هەن کە 8 دانەیان ژێر دەریایی ستراتیژین.

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا جەختی کردووەتەوە کە ئامانج لەم مەشق و ڕاهێنانە بریتییە لە تاقیکردنەوەی کارایی فەرماندەیی و ئۆپەراسیۆنەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی، پاشان بەرەوپێشبردنی کارامەییەکانی سەرکردایەتی، کۆنترۆڵکردن و هەماهەنگی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکاندا.