ئەنبار - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە، پارێزگای ئەنبار ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە بڵاوکردەوە کە لە "دەشتی عەکاز" سەر بە شارەدێی سەقلاوییە دۆزراوەتەوە.

پارێزگاکە جەختی کردەوە ئەو دەنگۆیانەی باس لە دۆزینەوەی پاشماوەی 1500 تەرم دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە، و ڕوونیشی کردەوە کە تیمە تەکنیکییەکان بەپێی ڕێکارە یاسایی و فەرمییەکان بەردەوامن لە کارەکانی گەڕان و پشکنین.

موئەیەد دلیمی،گوتەبێژی ڕاگەیاندنی حکومەتی خۆجێی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: تیمە تەکنیکییەکانی سەر بە فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەدیارنەماوان لە دەزگای شەهیدان، لە ڕێککەوتی 2026/5/6ەوە دەستیان بە کارەکانی گەڕان و هەڵکۆڵین لەو پێگەیەدا کردووە، ئەوەش بەپێی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2006ی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە بە یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2015 هەموارکراوە.

سەبارەت بە ئەنجامی کارەکانیش، دەلیمی گوتی: لە ئەنجامی پشکنینەکاندا، 10 شوێن لەناو ناوچەکەدا دەستنیشانکراون، کە تا ئێستا 7 گۆڕی بەکۆمەڵیان تێدا ئاشکرا کراوە لە گۆڕی یەکەمدا پاشماوەی 10 تەرم،و لە گۆڕی دووەمدا 5 تەرم، و لە گۆڕی سێیەمدا پاشماوەی یەک تەرم دۆزراوەتەوە، لە کاتێکدا کارەکانی گەڕان لە 4 گۆڕەکەی تریشدا هێشتا بەردەوامە.

جەختیشی کردەوە کە کۆی گشتی ئەو تەرمانەی لە ماوەی نێوان 5/5 تاوەکو 6/5/2026 دەرهێنراون، تەنها 16 تەرم بووە،و بە توندی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە دۆزینەوەی گۆڕێک بە پاشماوەی 1500 تەرم.

ئاماژەی بەوەشکرد : کە هەندێک لایەنی ڕاگەیاندن یارییان بە هەستی خێزانی بێسەروشوێنبووانی سەقلاوییەوە کردووە پێش ئەوەی تیمە تەکنیکییەکان کارەکانیان تەواو بکەن و ڕاپۆرتی کۆتایی بڵاو بکەنەوە.

دلیمی ڕوونیشیکردەوە : کە عومەر مەشعان دەبووس، پارێزگاری ئەنبار وەک سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگاکە، لە 17/5/2026 سەردانی مەیدانی پێگەکەی کردووە بۆ چاودێریکردنی بەڕێوەچوونی کارەکان، و جەختی لە پێویستی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیە لە ڕوانگەیەکی مرۆیی و نیشتمانییەوە بە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی،وردی و شەفافیەت کردووەتەوە، بە شێوازێک کە مافی کەسوکاری قوربانییان دەستەبەر بکات.

هەروەک ئاماژەی بەوەدا کە پارێزگار خۆی بەشێوەیەکی کەسی چاودێری ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان (بەتایبەت پشکنینی DNA) دەکات بۆ ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییەکان.

ڕوونیشیکردەوە : کە ئەو لیژنەی سەرپەرشتی کارەکە دەکات بە سەرۆکایەتی دادوەری تێهەڵچوونەوەی ئەنبار، دادوەر مازن وەسیم فەلیحە و ژمارەیەک پسپۆڕ لەخۆدەگرێت.

لە کۆتاییدا لیژنەکە جەختی کردەوە کە تا ئێستا ناسنامەی تەرمەکان و ساڵ یان قۆناغی گیانلەدەستدانیان دەستنیشان نەکراوە، و تەنها ئەنجامی پشکنینەکانی DNA ناسنامەی قوربانییەکان و ئەو ماوە زەمەنییەی تێیدا کوژراون، دیاری دەکات.