بەغدا – INA –
ئەمڕۆ یەکشەممە، موسەنا تەمیمی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان، ڕایگەیاند کە وەزارەتەکەیان پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە پەرەپێدەدات بۆ دەستەبەرکردنی بەشە ئاوەکان، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرنامەی گشتگیر هەن بۆ خزمەتکردنی ڕاستەوخۆی وڵات.
تەمیمی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کاتی دەستبەکاربوونی لە وەزارەت، کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: کارکردن لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان بەرپرسیارێتییەکی دووقات دەبەخشێت، بەو پێیەی وڵات بەدەست ئەو کێشانەوە دەناڵێنێت کە پەیوەندییان بە ئاوەوە هەیە و ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر ژیانی هاوڵاتیان.
ڕوونیشیکردەوە : ئەم وەزارەتە سیادی و زیندووە ئەمڕۆ بەرپرسە لە دابینکردنی ئاسایشی ئاو، ئاسایشی ژینگە و ئاسایشی خۆراک.
ئاماژەی بەوەشکرد : کارکردن لەم وەزارەتەدا هاندەرێکی گەورەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان.
ڕاشیگەیاند : ئەو بەرنامانەی لەلایەن عەون زیاب، وەزیری پێشووەوە داڕێژرابوون، ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی وڵاتدا بوون، و جەختیشی کردەوە کە وەزارەت کار دەکات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە، لە سەرووی هەموویانەوە ئێران و تورکیا.
وتیشی: کارەکان چڕدەکرێنەوە لەسەر توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکان لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو لەو وڵاتانەدا، بە مەبەستی دابینکردنی بەشە ئاوەکان و پەرەپێدانی ئەو بەرنامانەی خزمەت بە ژێرخانی وەزارەت دەکەن، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە پاراستنی ئەو کۆگای ئاوەی لەم وەرزەدا بەدەستهاتووە.
جەختیشی کردەوە بەرنامەکانی داهاتووی وەزارەت بەهێز و گشتگیر دەبن و بەشدار دەبن لە خزمەتکردنی ڕاستەوخۆی وڵات، هەروەک ستایشی ڕۆڵی عەون زیاب، وەزیری پێشووی کرد لە بەڕێوەبردنی وەزارەتەکەدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا.


