بەغدا- INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمان ، پابەندبوونی خۆی بە کارکردن لە چوارچێوەی هەماهەنگی (الإطار التنسيقي) و ڕێڕەوی نیشتمانی دووپات کردەوە.

لە بەیاننامەیەکی فراکسیۆنەکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە: فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق، پیرۆزبایی لە گەلی بەڕێزی عێراق دەکات بەبۆنەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە ئەوەی ئەم حکومەتە ببێتە درێژکراوەی ڕێڕەوی ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدان و سەقامگیری سیاسی، بە جۆرێک کە خۆشگوزەرانی بۆ عێراقی مەزنمان بەدیبهێنێت.

بەیاننامەکە ڕوونیشیکردۆتەوە: کە فراکسیۆنەکە لە سەرەتای دروستبونیەوە، پڕۆژەیەکی سیاسی هەڵگرتووە کە لەسەر بنەمای پێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی دامزراوە، و لە کاتی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتیشدا جەختی لەسەر پێویستی بەڕێوەبردنی وەزارەتەکان لەلایەن کەسە لێهاتوو و پیشەیی و بەتوانا و سەربەخۆوە کردووەتەوە، بەدوور لە لۆژیکی پشکپشکێنە (المحاصصة) کە قورسایی خستبووە سەر حکومەتەکانی پێشوو و ئەدای دامەزراوەکانی دەوڵەتی لاواز کردبوو.

هەروەک فراکسیۆنەکە دەڵێت: دەرئەنجامەکانی ڕێڕەوی دانوستان بۆ پێکهێنانی حکومەت، ناهاوسەنگییەکی ڕوونی لە دابەشکردنی شایستەکاندا نیشاندا، بەو پێیەی هەندێک لە کوتلەکان پێگەیەکیان بەدەستهێنا کە لە قورسایی ڕاستەقینەی پەرلەمانی و جەماوەریی خۆیان زیاتر بوو، لە کاتێکدا فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ئەوەی شایستەی قەبارەی هەڵبژاردن و سیاسی خۆی بێت بەدەستی نەهێنا، سەرەڕای ئەوەش فراکسیۆنەکە نەبووە ڕێگر لەبەردەم تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەت، ئەمەش لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمان و پەرۆشی بۆ سەقامگیری دەوڵەت.

ئاماژەی بەوەشکردووە : لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پێشهاتە سیاسییانەدا، دانیشتنی دەنگدانەکە جیاوازییەکی ڕوونی لە هەڵوێستی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکە بەرامبەر بە هەندێک لە وەزارەتەکانی کابینەی حکومەت بەخۆوە بینی، کە ئەم هەڵوێستەش لە قەناعەتی سیاسی و پەرلەمانیی ڕێزلێگیراوەوە سەرچاوەی گرتبوو، و ڕەنگدانەوەی هەڵسەنگاندنی بەرپرسیارانەیە بۆ دۆخی حکومەت و هاوسەنگییەکانی.

فراکسیۆنەکە جەختی کردەوە کە هاوبەشەکانی لە (العقد الوطني) نوێنەرایەتی پەرلەمانی خۆیان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەدەستهێناوە، ئەمەش پشتبەست بە قەبارەی سیاسییان کە 11 کورسی پەرلەمانییە، و بەپێی قەناعەتە سیاسی و دەستوورییەکانی خۆیان.

ئەوەشی خستۆتەڕوو کە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پەرۆش بووە بۆ پاراستنی ئامادەیی و شایستەی هاوبەشە ڕێزلێگیراوەکانی لە بزوتنەوەی (سومريون)، کە ژمارەیان 5 کورسی پەرلەمانییە، لە چوارچێوەی قورسایی پەرلەمانی و سیاسی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندا.

ئاماژەی بەوەشکردوە : "فراکسیۆنەکە ڕێز و پێزانینی تەواوی بۆ هاوبەشە ئاماژەپێکراوەکانمان دەربڕیوە، هاوكات ستایشی هەوڵە گەورەکانیانی کرد لە ماوەی قۆناغی هەڵبژاردن و دوای ئەویشدا، و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لە هەر بڕیارێک کە دەیدەن و لە هەر ڕێڕەوێکدا کە تێیدا خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی بکەن.

فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆی لەگەڵ هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، و هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە چوارچێوەی پڕۆژەی دەوڵەت و نیشتمان، و کارکردن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوبەشانی نیشتمان لەپێناو عێراق و عێراقییەکاندا، و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی کە لەسەر بنەمای پێشخستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان دامەزراون، هاوتەریب لەگەڵ دروشمی هەمیشەیی خۆی دووپاتکردەوە، و ڕایگەیاند کە فراکسیۆنەکە وەک پاڵپشتێک بۆ هەر هەنگاوێک دەمێنێتەوە کە سەقامگیری،و چاکسازی و گەشەپێدان بەهێز بکات، بە جۆرێک کە شکۆی دەوڵەت بپارێزێت و هیوای گەلی عێراق بپارێزێت.