بەغدا - INA- ئامنە سەلامی
وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە سەردانی ئیمام محەمەد جەواد (ع) لە کازمیەی پیرۆز هیچ داخستنێکی ڕێگەکانی تێدا نییە، هاوکات وەزیر عەبدولئەمیر شەممەری فەرمانی دا بە هەماهەنگیی بەردەوام و پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ هاووڵاتیان لە کاتی سەردانەکەدا.
عەقید محەمەد عەلی حەسوون، وتەبێژی وەزارەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: لە ڕێگەی ئەو ڕاسپاردانەی کە لیژنەی باڵای ئەمنیی سەردانە ملیۆنییەکان بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر كامل شەممەری دەریچوواندووە، سەردانی ئیمام جەواد (ع) لە بەغدا و بەتایبەتی شاری کازمیەی پیرۆز، هیچ داخستنێکی ڕێگەکانی بەخۆوە نەبینیوە.
وتیشی: "ڕاسپاردەکان جەختیان لەسەر گرنگیی ئاسانیی هاتووچۆ و پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک بۆ زیارەتکاران و هاووڵاتیانی خۆشەویست کردووەتەوە، لە حاڵەتی هەر دیاردەیەکی نەرێنیشدا هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە(٩١١)ەوە بکەن و زانیاری بدەن، کە دەستبەجێ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
حەسوون ڕوونی کردەوە کە پلانەکە مەڵبەندییە و بە هاوکاریی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانە، چ ئەمنی بن یان خزمەتگوزاری، وەزارەتی گواستنەوەش یەکێکە لەو وەزارەتانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سەرکەوتنی سەردانی ئیمام محەمەد جەواد (ع) هەیە،ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێگەکان بۆ هاتووچۆ ئاسان دەبن و پاسی تایبەت بۆ گواستنەوەی سەردانیکەران تەرخانکراوە لەگەڵ دابینکردنی تەواوی ئەمنییەت بۆ هاووڵاتیان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەکە جەختی لە گرنگیی هاوکاری تەواو لەگەڵ موکەبە حسێنییەکان و مامەڵەی شارستانی و مرۆیی لە ڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە کردووەتەوە، پەیامیشمان هاوکاریکردنی پیاوانی ئەمنییە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی وڵات و گەلەکەمان، و دوورکەوتنەوە لە بڕواکردن بە پڕوپاگەندەکان.
حەسوون تیشکی خستە سەر گرنگیی لەبەرکردنی ژمارەی وەڵامدانەوەی خێرا (٩١١) لەلایەن هەموو هاووڵاتیانەوە، چونکە بۆ خزمەتی ئەوان دانراوە،ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شەممەری جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستیی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ تەلەفۆنەکان لە کاتی سەردانەکەدا و بەهێزکردنی هەوڵە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان.
لە کۆتاییدا وتی: شەممەری فەرمانی داوە بە هەماهەنگیی بەردەوام لە نێوان هەموو پێکهاتە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکاندا، و گرتنەبەری بەرزترین ئاستی ئامادەیی بۆ بەدواداچوونی حاڵەتە لەناکاوەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ هاووڵاتیان لە دەوری کاتژمێردا


