کۆشکی سپی ڕایگەیاند دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە دیدارەکەیاندا گفتوگۆیان کردووە و ڕێککەوتن لەسەر فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان، هێشتنەوەی تەنگەی هورمز بە کراوەیی و ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە.
کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی لەسەر سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ چین بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کۆبوونەوەکان باش و ئەرێنی بوون.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەکەدا دەڵێت ''سەرۆک ترامپ کۆبوونەوەیەکی باشی لەگەڵ سەرۆک شی هەبوو. هەردوو لایەن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان گفتوگۆیان کرد، لە ناویاندا پەرەپێدانی بازاڕی چین بۆ کاڵا ئەمەریکاییەکان و زیادکردنی وەبەرهێنانی چینی لە پیشەسازیی ئێمەدا. بەڕێوەبەرانی زۆرێک لە گەورەترین کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون. سەرۆک ئاماژەی دا بە پێویستیی کۆتاییهێنان بە هێنانە ناوەوەی دەرمانی هۆشبەری فێنتایل بۆ ناو ئەمەریکا و هەروەها زیادکردنی کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمەریکا."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا کۆشکی سپی باسی جەنگی ئێران دەکات و دەڵێت ''هەردوو لا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە لە پێناو جوڵەی ئازادی وزە، تەنگەی هورمز دەبێت کراوە بێت. سەرۆک شی ناڕازیبوونی چینی بۆ بە سەربازخانەکردنی تەنگەی هورمز دەربڕی و هەر هەوڵێکی ڕەت کردەوە کە رێگیر بێت لەبەردەم هاتوچووی ئازادی کەشتیوانی و ئارەزووی خۆی نیشان دا لە کڕینی بەرهەمی نەوتی زیاتر لە ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی پێویستییەکانیان بە تەنگەی هورمز لە داهاتوودا. هەردوو لا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە ئێران هەرگیز نەتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی''.
شایەنی باسە ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک ترامپە بۆ چین لەم خولەی سەرۆکایەتییەکەیدا.


