بەغداد - INA
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران عەدنان فەیحان دلێمی، ئەمڕۆ چوارشەممە دووپاتیکردەوە: پەرلەمان کار دەکات بۆ ڕەخساندنی کەشێکی یاسایی پاڵپشت و هاندەر بۆ وەبەرهێنان، هاوكات ئاماژەی بە پێویستی لابردنی ئەو ئاستەنگانە کرد کە دێنە ڕێی کارەکانی کۆمپانیا نیشتمانی و بیانییە باوەڕپێکراوەکان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەم لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، عەدنان فەیحان دلێمی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ماڵی میوانداری خۆی، پێشوازی لە ژمارەیەک لە خاوەن کۆمپانیا نەوتییە بیانی و عێراقییەکانی کەرتی تایبەت کرد، بە ئامادەبوونی پەرلەمانتار یاسر ساعدی؛ بە مەبەستی تاوتوێکردنی دیارترین ئەو تەحەدایانەی ڕووبەڕووی کەرتەکانی وەبەرهێنان و وزە دەبنەوە و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە دابینکردنی ژینگەیەکی کاری سەقامگیر و هاندەر و بەهێزکردنی هەلەکانی گەشەپێدانی ئابووری و پاڵپشتیکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان لە وڵاتدا."
زیاتر وتی: "فەیحان لە میانی دیدارەکەدا جەختی کردەوە کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە خولی ئێستادا گرنگییەکی زۆر دەدات بە کارکردن بۆ ڕەخساندنی کەشێکی یاسایی پاڵپشت و هاندەر بۆ وەبەرهێنان،" تەئكیدیشیکردەوە: لە "پێویستی لابردنی ئەو ئاستەنگانەی دێنە ڕێی کارەکانی کۆمپانیا نیشتمانی و بیانییە باوەڕپێکراوەکان، و ئاسانکاری لە ڕێکارەکاندا بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستا بگونجێت و بەشدار بێت لە ڕاکێشانی سەرمایە و ئەزموونە جیهانییەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و وزە وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابووری نیشتمانی."

