بەغداد - INA
دەستەی گشتیی گومرگ، ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرمانی ئاڕاستەی سەرجەم سەنتەرە گومرگییەکانی کرد بۆ دەستکردن بە ڕێگەدان بە هێنانی هێلکەی خواردن، ئەمەش بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (246) بۆ ساڵی 2026، کە لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەژدەیەمدا لە ڕێکەوتی 2026/5/5 دراوە.
دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "بڕیارەکە ڕێگەی داوە بە هاوردەکردنی هێلکەی خواردن بە مەرجی گۆڕینەوەی دەرەکی (بەیانی پێشوەختە)"، دووپاتیشی کردەوە کە "ئەم ڕێکارە لە چوارچێوەی زنجیرە هەنگاوەکانی حکومەتدایە کە ئامانجیان چارەسەرکردنی تەنگژەی بەرزبوونەوەی نرخەکان و دەستەبەرکردنی گەیشتنی ئەم ماددەیە بە بازاڕە ناوخۆییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و سەلامەت. هەروەها ڕوونی کردەوە کە مەڵبەندە گومرگییەکان بە کردەیی دەستیان کردووە بە گرتنەبەری ڕێکارە تەکنیکی و کارگێڕییە پێویستەکان بۆ ئاسانکاری چوونە ژوورەوەی بارەکان بەپێی ڕێسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان."
دەستەکە جەختیکردەوە، لە "بەردەوامبوونی لە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکە و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنی ماددەکە بە دەستی بەکاربەر بە نرخێکی گونجاو". بازاڕە ناوخۆییەکان لە ماوەی ڕابردوودا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان لە نرخی هێلکەی خواردن بەخۆوە بینی کە بارگرانی بۆ هاووڵاتییانی عێراقی دروست کرد و کاریگەری کردە سەر توانای کڕینیان، ئەمەش وای لە حکومەت کرد ئەم بڕیارە بەپەلەیە بدات بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییان و دەستەبەرکردنی سەقامگیری بازاڕ.

