هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە 40 ئامانجی حزبوڵڵای لوبنانیان لە باشووری لوبنان.

هێزی ئاسمانی ئیسرائیلی لە هەژماری فەرمی ئێکسی خۆیدا ڕایگەیاندووە "دوێنێ هێزی ئاسمانی زیاتر لە 40 دامەزراوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی حزبوڵڵای لە چەند ناوچەیەک لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج."

لەشکری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجەکان بریتین لە "کۆگای چەک و باڵەخانەکان کە بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنرێن، کە تیرۆریستانی حزبوڵڵا کاردەکەن بۆ داڕشتنی پلانی تیرۆریستی دژی هێزەکانی IDF و هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل".

دەشڵێت "لە هەمانکاتدا ئەو تیرۆریستانە لەناوبراون کە هەڕەشەیان لە هێزەکانمان دەکرد."

سەرەڕای ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل، شەڕ لە نێوان هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵلا بەردەوامە.

بڕیارە ئەم هەفتەیە دوو وڵات جارێکی دیکە لە واشنتن کۆببنەوە لە چوارچێوەی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات بە نێوەندگیری ئەمەریکا.