بەدواداچوون – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، ماڵپەڕی ئەکسیۆس، بڵاویکردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ، ئەمڕۆ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی شەڕی دژی ئێران.

ماڵپەڕەکە لە زاری چەند بەرپرسێکەوە گواستوویەتییەوە کە "سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ، ئەمڕۆ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو لە شەڕی دژی ئێران، لە نێویاندا ئەگەری دەستپێکردنەوەی کارە سەربازییەکان، دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە دانوستانەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە گەیشتنە بنبەست".

ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە "ترامپ مەیلی بۆ ئەنجامدانی کارێکی سەربازی هەیە دژی ئێران بە مەبەستی زیادکردنی فشارەکان و بەدەستهێنانی سازش لە دۆسیەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا"، ڕوونیشیان کردووەتەوە: "پێناچێت ترامپ فەرمانی کارێکی سەربازی دژی ئێران بدات پێش گەڕانەوەی لە چین".

بەرپرسێکی ئەمریکی پێشبینی کردووە کە هەریەک لە "ڤانس، ویتکۆف، ڕووبیۆ، هیگسێت، سەرۆکی ئەرکان و بەڕێوەبەری CIA لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بن".