میسان - INA - نەجم عەبدوڵڵا
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی وێستگەی کارەبای گازیی کحلاء لە پارێزگای میسان، کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەی گۆڕەری (محاویلە) سەرەکیی وێستگەکەی ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕووداوەکە بووەتە هۆی چوونەدەری نزیکەی 850 مێگاوات لە تۆڕی نیشتمانی.
ماهر هاشم جەعفەر، بەڕێوەبەری وێستگەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، وێستگەی گازیی کحلاء ڕووداوێکی گەورەی ئاگرکەوتنەوەی لە گۆڕەری سەرەکی (400/15 ک.ف)ی یەکەی یەکەم بەخۆوە بینی، ئەمەش بەهۆی دروستبوونی "سپارک"ێکی کارەبایی لە کاتی دووبارە کارپێکردنەوەی گۆڕەرەکەدا دوای تەواوبوونی کارەکانی چاککردنەوەی خولیی کە نزیکەی 14 ڕۆژی خایاندبوو".
وتیشی: "ڕووداوەکە زیانی ماددی لێکەوتەوە کە بریتی بوون لە سووتانی گۆڕەرە سەرەکییەکە و تێکچوونی پاڵێوەری زەیت و هەندێک لە کۆگاکانی زەیتی نزیک لەوێ"، جەختیشی کردەوە کە "هیچ برینداربوونێکی مرۆیی تۆمار نەکراوە".
ڕوونیکردەوە کە "ڕووداوەکە لە ناوچەی (بۆشینگ)ی ناو گۆڕەرەکەدا ڕوویداوە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ناو خزمەتگوزاری"، ئاماژەی بەوەش کرد "گۆڕەرەکە پێش ڕووداوەکە لەژێر پشکنین و چاککردنەوەی پسپۆڕانەدا بووە".
جەعفەر ئاماژەی بەوەش کرد: "وەزارەتی کارەبا کار دەکات بۆ گۆڕینی گۆڕەرەکە بە تەواوی لە ڕێگەی گواستنەوەی گۆڕەرێکی یەدەگ لە وێستگەی گازیی شەتلعەرەب لە بەسرا"، پێشبینیشی کرد "لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا یەکەی یەکەم بگەڕێتەوە بۆ ناو خزمەتگوزاری".
باسی لەوەش کرد: "ڕووداوەکە بووە هۆی چوونەدەری نزیکەی 850 مێگاوات لە تۆڕی نیشتمانی بە شێوەیەکی کاتی، ئەمەش بەهۆی بڕینی دابینکردنی گاز بۆ هەردوو وێستگەی گازیی عەمارە و میسان وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی"، ئاماژەی بەوەش کرد "پڕۆسەی دووبارە کارپێکردنەوەی یەکەکان لە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆوە دەستیپێکردووە".
لەلایەکی ترەوە، حەیدەر عەلی حسێن، بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی باشوور بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند، "گۆڕەرەکە لەژێر چاککردنەوەدا بووە بەهۆی دەرکەوتنی نیشانەی (تان دەلتا)، تێیدا پشکنینی بۆ کراوە و کێشەکە چارەسەر کراوە و فلتەرکردنی زەیت و پشکنینە تەکنیکییەکان ئەنجام دراون و پێش کارپێکردنەوە ئەنجامەکان باش بوون".
ئەوەشی خستە ڕوو کە "تیمە تەکنیکییەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا دەست دەکەن بە گواستنەوە و جێگیرکردنی گۆڕەرە جێگرەوەکە لە پارێزگای بەسراوە"، پێشبینیشی کرد "کارەکان تەواو بن و یەکەکە لە ماوەی 25 بۆ 30 ڕۆژدا بگەڕێتەوە بۆ کارکردن".

