بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق – ئێران، کۆبوونەوەیەکی لە بەغدای پایتەخت ئەنجامدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەردوولا، تێیدا جەخت لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگییە ئەمنییە هاوبەشەکان و توندکردنەوەی ڕێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان کرایەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی قاسم ئەعرەجی، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق – ئێران کۆبوونەوەیەکی لە بەغدا ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیەی ئەمنیی جێی بایەخی هەردوولا، لە پێشەنگیاندا جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات، لەگەڵ گفتوگۆکردن دەربارەی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگییە ئەمنییە هاوبەشەکان و توندکردنەوەی ڕێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان کردەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر پڕۆسەیەکی دزەکردن یان جووڵەی گروپە تیرۆریستی و چەکدارەکان کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەردوو وڵات و ناوچەکە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "لایەنی ئێرانی زانیارییەکانی پێشکەش کرد سەبارەت بە چالاکیی هەندێک گروپی چەکداری ئێرانی کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، و ڕێککەوتن کرا لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی ئەم دۆسیەیە، بە جۆرێک کە گەرەنتی ڕێگریکردن لە هەر چالاکییەک بکات کە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە بکات".

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی قاسم ئەعرەجی – بەپێی ڕاگەیەندراوەکە – جەختی لەسەر "هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردەوە، کە پاڵپشتە بە دەستوور و بنەماکانی دراوسێیەتی باش، لە ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکەکەی وەک بنکەیەک بۆ هەر کارێکی دوژمنکارانە یان پڕۆسەی ئەمنیی و سەربازی کە وڵاتانی دراوسێ بکاتە ئامانج".

ئەعرەجی جەختیشی کردەوە لەسەر "پابەندبوونی تەواوی عێراق بە ڕێگەنەدان بە هیچ لایەن و گروپێک کە خاکی عێراق بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنن، ئەمەش لە سۆنگەی پەرۆشیی بەغداوەیە بۆ چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکە و ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان".