بەغدا - INA

لێژنەی تێهەڵچوونەوە (الاستئناف) لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیاری دا سزای بێبەشکردنی هاندەرانی یانەی قوە جەوییە لە چوونە ناو یاریگای خۆیان (بۆ یەک یاری) سووک بکات.

یەکێتیی تۆپی پێ لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "لێژنەی تێهەڵچوونەوە لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، داواکاری تێهەڵچوونەوەی یانەی وەرزشی قوە جەوییەی تاوتێ کرد سەبارەت بە بڕیاری ژمارە ١٣٠ی لێژنەی دیسپلین و ڕەوشت کە لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٤/٦ دەرچووبوو، دوای وردبینی کردن لە بەڵگەنامەکان، بڕیار درا بە هەموارکردنەوەی بڕیارەکەی لێژنەی دیسپلین."

له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌: "بڕیار درا بە سووککردنی سزای بێبەشکردنی هاندەرانی یانەی قوە جەوییە لە چوونە ناو یاریگای دیاریکراوی خۆیان (بۆ یەک یاری)، ئەمەش پشتبەست بە ماددەی (٤٩/٢/ب) لە پەیڕەوی دیسپلین و ڕەوشت بۆ وەرزی ٢٠٢٥-٢٠٢٦؛ ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە یانەکە هەستا بە دەستنیشانکردن و جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی لەناو هاندەراندا کاری نەشیاویان کردووە و دروشمی نەشیاویان وتووەتەوە، کە بڕیار دراوە بۆ ماوەی پێنج یاری لە چوونە ناو یاریگا بێبەش بکرێن، و لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی کارەکەیان سزاکەیان بۆ وەرزێکی تەواو زیاد دەکرێت. لێژنەکە بڕیاری سزادانی ئەو کەسانەی لەلایەن کارگێڕی یانەی قوە جەوییەوە پەسەند کرد بەپێی نووسراوی ژمارە ٢٧٥ لە ٢٠٢٦/٤/١٢، لەگەڵ ڕەوانەکردنی سەرپێچیکاران بۆ دادگا پەیوەندیدارەکان."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: "لێژنەکە بڕیاری دا غەرامە داراییەکەی سەر یانەی قوە جەوییە وەک خۆی بمێنێتەوە کە بڕەکەی (١٠,٠٠٠,٠٠٠) دە ملیۆن دیناری عێراقییە، بەپێی ماددەی (٤٩/٢/أ) لە پەیڕەوی دیسپلین و ڕەوشتی وەرزی ئێستا." جەختیشی کردەوە کە بڕیارەکە بە کۆدەنگی دەرچووە.