بەغداد – INA
وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستگیرکردنی داواکراوێکی مەترسیداری لە پارێزگای زیقار ڕاگەیاند، کە تێوەگلاوە لە کردەوەکانی ڕفاندن، کوشتن، جەردەیی و چەندین تاوانی تری جۆراوجۆر.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "لە ئۆپەراسیۆنێکی جۆریی بێوێنەدا و بە بەدواداچوونی کەسیی لەلایەن عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆوە، پۆلیسی پارێزگای زیقار بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی زیقار و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، توانییان یەکێک لە مەترسیدارترین تۆمەتبارە داواکراوەکانی دادگا دەستگیر بکەن."
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەم ئۆپەراسیۆنە پاڵپشت بە زانیاریی وردی هەواڵگری و هەوڵێکی ئەمنیی هەماهەنگ ئەنجامدرا، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی یەکجار مەترسیدار، کە بەپێی ماددەی (4ی تیرۆر) داواکراوە، سەرەڕای تێوەگلانی لە کەیسەکانی ڕفاندن، کوشتن، جەردەیی و چەندین تاوانی تر."
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەم تۆمەتبارە پێشتر سزای لەسێدارەدانی غیابیی بۆ دەرچووە و بەپێی ماددە یاساییە جیاوازەکان داواکراوە، هەروەها بە یەکێک لە دیارترین و مەترسیدارترین داواکراوەکانی دادپەروەری لە پارێزگای زیقار دادەنرێت."
وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەکەیدا جەختی کردووەتەوە، لەسەر "بەردەوامبوونی لە ڕاوەدوونانی توخمە تاوانکارە مەترسیدارەکان و ڕادەستکردنیان بە دادگا، بەجۆرێک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەدیهێنانی دادپەروەری."

