بەغداد - INA

عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی حزبی تەقەدووم، جەختیان لەسەر گرنگیی یەکخستنی دیدگاکان کردەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنان تەواو بکات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو چاوی کەوت بە محەمەد ڕێکان حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم، لە دیدارەکەدا باس لە پێشهاتەکانی بارودۆخی وڵات کرا."

بەگوێرەی بەیاننامەکە، زەیدی و حەلبووسی جەختیان کردووەتەوە لەسەر "یەکخستنی دیدگا و هەڵوێستەکان لە نێوان هەموو هێزە سیاسییە نیشتمانییەکاندا، بۆ هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای تێپەڕاندنی تەحەدییەکانی هەبێت و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنان تەواو بکات، هەروەها سەقامگیری لە هەموو پارێزگاکانی وڵاتدا بەدی بهێنێت."