بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شەممەری، ڕێنمایی دا بە فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی بۆ ئامادەکردن و بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی مانگانەی خولیی سەبارەت بە ئاستی پاراستنی زیندانەکان و هەڵسەنگاندنی ئەدای ئەو هێزانەی بەرپرسیارێتی پاراستنەکەیان لە ئەستۆیە.
وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆ، سەرپەرشتی کۆنگرەیەکی ئەمنیی فراوانی کرد بۆ تاوتوێکردنی دۆخی مەیدانیی پاراستنی زیندانەکان و ئەو هێزانەی ئەرکی پاراستنیان پێ سپێردراوە، بە ئامادەبوونی فەرماندەکانی وەزارەت و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرانی وەزارەتی داد و بەڕێوەبەرانی زیندانەکان، هەروەها لێپرسراوانی زیندانەکان لە هەموو پارێزگاکان لە ڕێگەی بازنەی تەلەفزیۆنی داخراوەوە بەشدارییان کرد."
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "کۆنگرەکە پێداچوونەوەیەکی وردی بۆ میکانیزمەکانی کارکردنی ئێستا بەخۆوە بینی، تێیدا پلانە ئەمنییە پەیڕەوکراوەکان بۆ پاراستنی زیندانەکان خرانەڕوو، هەروەها باس لە ئاستی قایمکارییە ئەندازیاری و تەکنیکییەکانی دەوروبەری زیندانەکان کرا." رونیشیكردەوە: " کۆنگرەکە جەختی کردەوە لەسەر دەستنیشانکردنی تەحەدییە مەیدانییەکان و دانانی چارەسەر، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی گرنگیی کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی ئاستبەرز لەگەڵ وەزارەتی داد وەک شەریکێکی سەرەکی لەم دۆسیەیەدا."
بەپێی بەیاننامەکە، شەممەری لە کاتی کۆنگرەکەدا جەختی کردەوە: كە "دیدگا ئەمنییە نوێیەکە پشت دەبەستێت بە تەواکاریی نێوان تەکنەلۆژیا و قایمکارییەکان لەگەڵ هەوڵی مرۆیی." ڕوونیشیکردەوە: "ئامانج لە بەهێزکردنی قایمکارییە مادییەکان بریتییە لە دابینکردنی پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ سەرچاوە مرۆییەکان لە ئەندامانی یەکەکانی پاراستن، بە جۆرێک کە کۆنترۆڵێکی تەواو مسۆگەر بکات و فشار لەسەر کارمەندەکان کەم بکاتەوە."
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا، وەزیر ڕێنمایی دا بە فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی بۆ ئامادەکردن و بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی مانگانەی خولیی بۆ ئاستی دابینکردنی ئاسایشی زیندانەکان و هەڵسەنگاندنی ئەدای ئەو هێزانەی زیندانەکانیان بەدەستەوەیە.