بەغداد ـ INA ـ محەمەد تاڵبی
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان عومەر عەدنان وائیلی، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: کردنەوەی دەروازەی سنووریی ڕەبیعە لەگەڵ سووریا قەبارەی جووڵەی بازرگانی بۆ ٢٠ لەسەد بەرز دەکاتەوە.
وائیلی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "کردنەوەی دەروازەی ڕەبیعە هەنگاوێکی ستراتیژی گرنگە لە چوارچێوەی ئاراستەی دەوڵەت بۆ هەمەجۆرکردن و بەهێزکردنی دەروازە سنوورییەکانی"، ڕوونیشیکردەوە کە "ئەمە هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی فشار لەسەر دەروازەکانی دیکە و بەرزکردنەوەی کارامەیی هاتوچۆی کاڵاکان."
ڕاشیگەیاند: "دەروازەکە بایەخێکی دووقات وەردەگرێت، چونکە عێراق بە قووڵاییەکی جوگرافیی زیندووەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش پێگەی عێراق وەک ڕێڕەوێکی بازرگانیی ناوچەیی بەهێز دەکات، بەتایبەت لە سایەی گۆڕانکارییە ئابوورییە ناوچەییەکان و پێویستیی دەستەبەرکردنی زنجیرەکانی دابینکردن و فراوانکردنی کەناڵەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی."
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "دەروازەکە هاوکار دەبێت لە خێراکردنی جووڵەی هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوەی کاڵاکان لە ڕێگەی کەمکردنەوەی کاتی چاوەڕوانی و دابەزاندنی تێچووە لۆجیستییەکان لەسەر بازرگانان، جگە لە دابینکردنی ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی بازرگانی، هەروەها نەرمی لە جووڵەی بازرگانیدا بەهێز دەکات بەتایبەت لە کاتی قەرەباڵغیدا یان لە کاتی دروستبوونی ئاستەنگ لە دەروازەکانی دیکە، ئەمەش بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕەنگدانەوەی دەبێت بۆ سەر سەقامگیری بازاڕەکان و بەردەستبوونی کاڵاکان."
رونیشیكردەوە: "چاوەڕوان دەکرێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دوای کارپێکردنی دەروازەکە زیادبوونێکی پلەبەندی بەخۆیەوە ببینێت"، ئاماژەی بەوەش دا کە "خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەگەری بەرزبوونەوەی قەبارەی جووڵەی بازرگانی دەکەن بە ڕێژەیەک کە لە نێوان (١٠٪ - ٢٠٪) بێت لە ماوەی مانگەکانی یەکەمدا، و ئەم ڕێژەیەش لە داهاتوودا بەپێی پەرەسەندنی ژێرخانەکان و زیادبوونی چالاکیی بازرگانی دەتوانێت بەرزتر ببێتەوە، هەروەها پێشبینی دەکرێت دەروازەکە هاوکار بێت لە بەهێزکردنی هەناردەی نیشتمانی لە ڕێگەی ئاسانکاری گەیاندنی بەرهەمە عێراقییەکان بۆ بازاڕەکانی دراوسێ."
باسی لەوەشکرد: "دەروازەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکار دەبێت لە بووژانەوەی ئابووریی ناوخۆیی لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ لە بوارەکانی گواستنەوە، خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکان و کۆگاکردن، جگە لە هاندانی چالاکییە بازرگانی و خزمەتگوزارییەکان لە ناوچە دەوروبەرەکاندا، هەروەها دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ژێرخانەکان و زیادبوونی وەبەرهێنانی ناوخۆیی، ئەمەش سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە بەهێز دەکات و دەیانکاتە ناوەندی ئابووریی چالاک."
