بەغداد – INA – ویسام مەلا

فراکسیۆنی نەهجی وەتەنی پەرلەمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، یاسای خزمەتی ئاڵای ڕەتکردەوەو داوای کرد ڕێکارەکانی یاسادانانی ڕابگیرێت.

حەسەن وریۆش ئەسەدی سەرۆکی فراکسیۆنەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنجومەنی نوێنەران كە بە بەشداری پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکە سازیكرد، و پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیبوو، رایگەیاند: "لە سایەی تەحەددییە ئەمنییە خێراکان و گۆڕانی سروشتی جەنگەکان لە مەیدانی تەقلیدییەوە بۆ جەنگی سایبەری و تەکنیکی و میدیایی نەرم، هەڵوێستی ڕوونی خۆمان بە ڕەتکردنەوەی پێشنیازی یاسای خزمەتی ئاڵا ڕادەگەیەنین"، داواشی کرد "ڕێکارەکانی یاسادانانی ڕابگیرێت و بە تەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە."

وتیشی: "کڕۆکی قەیران لە دامەزراوەی سەربازیی عێراقدا لە کەمیی ژمارەی شەڕکەراندا نییە، هێندەی ئەوەی لە لاوازیی پڕچەککردن و پاشەکشەی کارامەیی کەرەستە سەربازییەکاندا بەرجەستە دەبێت، لەگەڵ هەبوونی گرفت لە تەقلیدیبوونی میکانیزمەکانی مەشق و پەرەپێدان و چەسپاندنی عەقیدەی سەربازی"، ڕوونیشیکردەوە: "بەردەوامبوون لەسەر یاسای خزمەتی ئاڵا دەبێتە هۆی دروستبوونی بارگرانییەکی ئابووریی گەورە بۆ سەر دەوڵەت، لە کاتێکدا وڵات ڕووبەڕووی تەحەددییە ئیقلیمییە ئاڵۆزەکان و بارودۆخی دارایی توند دەبێتەوە، چونکە وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی خزمەتی ناچاری واتای فراوانکردنی خەرجییەکانە بۆ مووچە و پێداویستی و مەشق و ژێرخانەکان، ئەمەش ڕەنگە بودجەی گشتی قورس بکات و کاریگەری لەسەر ئەولەویەتە گرنگترەکان هەبێت."

جەختیشیکردەوە: "دەستووری عێراق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەقی لەسەر ناچاریبوونی سەربازی نەکردووە، ئەمەش وا دەخوازێت بە وریاییەکی دەستووری و یاساییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بکرێت، بەجۆرێک کە لەگەڵ ئەولەویەتەکانی بونیادنانی سوپایەکی پیشەیی کارامە بگونجێت"، ئاماژەی بەوەشدا: "سروشتی جەنگە نوێیەکان وا دەخوازێت سەرچاوەکان ئاراستەی بونیادنانی توانای پێشکەوتوو بکرێن، بەتایبەت لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و جەنگی سایبەریدا، لە جیاتی فراوانکردنی ژمارەیی بێ بەرنامە."

دووپاتی کردەوە لەسەر پێویستی:

یەکەم: چارەسەرکردنی گەندەڵیی بڵاوبووەوە لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا.

دووەم: پەرەپێدانی سیستەمی پڕچەککردن بەجۆرێک کە لەگەڵ سروشتی هەڕەشەکان بگونجێت، بەتایبەت لە بواری بەرگری ئاسمانی، لەگەڵ کارکردن بۆ خۆماڵیکردنی پیشەسازییە سەربازییەکان و بونیادنانی توانای نیشتمانی لە بوارەکانی بەرهەمهێنان و چاککردنەوەدا.

سێیەم: پەرەپێدانی تواناکانی ژیریی دەستکرد و جەنگی سایبەری، و بونیادنانی سیستەمی پێشکەوتوو بۆ ئاسایشی دیجیتاڵی و جەنگی ئەلیکترۆنی.

چوارەم: ئامادەکردن و مەشقپێکردنی شەڕکەران بەپێی بەرزترین پێوەرە پیشەیی و تەکنیکییەکان، و بونیادنانی عەقیدەیەکی سەربازیی نیشتمانی کە وەڵامدەرەوەی تەحەددییەکان بێت.

داواشی لە حکومەتی داهاتوو کرد "بەرپرسیارێتی تەواوی خۆی لەم ئاراستەیەدا هەڵبگرێت و پابەند بێت بە چاکسازییەکی ڕاستەقینە و گشتگیر بۆ هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق."