نێودەوڵەتی – INA

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی کردەوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن لە دانوستانەکانی پاکستان نەدراوە.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند: "هیچ بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بە بەشداریکردن لە دانوستانەکانی پاکستان نەدراوە."

وتیشی: "بەهۆی پەیامە دژ بەیەکەکان، ڕەفتارە ناتەباکان و ڕێکارە قبوڵنەکراوەکانی ئەمریکاوە، بڕیارمان لەبارەی دانوستانەکانی پاکستان نەداوە."

بەقایی جەختی کردەوە کە "دەبێت هەر ڕێڕەوێکی دیپلۆماسی یان هەر دانوستانێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان و پێوەرەکانی ئێمە هەڵبسەنگێنرێت"، ڕوونیشیکردەوە کە "تەنها هاتووچۆکردن لە خۆیدا پێوەر نییە بۆ سەرکەوتنی ڕێڕەوێک و ڕەسەنایەتییەکی سەربەخۆی نییە."

ئاماژەی بەوەش کرد کە "گرنگترین شت ئەوەیە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە بەشداریکردن لە ڕێڕەوێکی دیپلۆماسی دیاریکراودا، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان دابین دەکات."