بەغدا - INA

قەحتان تەها خەڵەف، باڵیۆزی کۆماری عێراق لە قاهیرە و نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە کۆمکاری عەرەبی، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی کردەوە لە پەرۆشیی حکومەتی عێراق بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ برا عەرەبەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە دەستووری عێراق ڕێگری دەکات لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی دیکە.

وەزارەتی دەرەوە لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "قەحتان تەها خەڵەف، باڵیۆزی کۆماری عێراق لە قاهیرە و نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە کۆمکاری عەرەبی، سەرۆکایەتی شاندی کۆماری عێراقی کرد لە کۆبوونەوەی خولی نائاسایی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب، کە لە ڕێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوچەکە ئەنجامدرا."

له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا ئاماژە بەوەش كراوه‌ كه‌ "کۆبوونەوەکە تاوتوێی ئەو هێرشانەی کردووە کە دەکرێنە سەر وڵاتانی عەرەبی و لێکەوتەکانی پەیوەست پێیانەوە."

بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌، قەحتان تەها خەڵەف، سەرۆکی شاندی عێراق لە کاتی گوتەکەیدا جەختی کردووەتەوە لە "پەرۆشیی حکومەتی عێراق بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ برا عەرەبەکان، ئەوەش لەسەر بنەمای دەستووری عێراق کە ڕێگری دەکات لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هەر وڵاتێکی دیکە."

ڕوونیشیکردەوە کە "حکومەت ڕێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگری لە هەر کارێکی لەو شێوەیە لە ئەگەری سەلماندنیدا"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "عێراق ڕووبەڕووی دەستدرێژیی لایەنە جیاوازەکانی ململانێ بووەتەوە و لە هەندێک کاتدا دامەزراوەی مەدەنی و شوێنی سەر بە سوپای عێراق کراونەتە ئامانج."

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە "عێراق پێی وایە قەوارەی (ئیسرائیل) هۆکاری سەرەکیی ئەو پشێوییەیە کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت"، جەختیشی کردەوە لەسەر "پێویستیی فەرامۆشنەکردنی ئامانج و سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئەو قەوارەیە."