نێودەوڵەتی – INA

دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند کە بەشداریی هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەیان لە یارییەکانی کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٦، بەستراوەتەوە بە دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی تەواو بۆ یاریزانەکان لە ماوەی مانەوەیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئاژانسی "تەسنیم" لە زاری ئەحمەد دونیا مالی، وەزیری وەرزشی ئێرانەوە گواستییەوە کە تەئکیدی کردووەتەوە هەڵبژاردەکە بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات ئەگەر سەلامەتی شاندەکەی گەرەنتی بکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەشداریکردن لە دەستی حکومەت و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەدا دەبێت.

پێشتر مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، ئاماژەی بە بایکۆتکردنی ئەمریکا کردبوو بێ ئەوەی بەشداریکردن لە مۆندیال بەدوور بزانێت، پێشنیاری ئەوەشی کردبوو کە یارییەکانی هەڵبژاردەکە بگوازرێنەوە بۆ مەکسیک، بەڵام دواتر یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) ئەو پێشنیارەی ڕەتکردەوە.

لای خۆشییەوە، وەزیری وەرزش لە سەرەتای مانگی ئازاردا ئاماژەی بە نەبوونی بارودۆخی گونجاو بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەکە لە پاڵەوانێتییەکەدا کردبوو، ئەوەشی بۆ گرژییە سیاسییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەڕاندبووەوە.

شایەنی باسە تیروپشکی پاڵەوانێتییەکە ئێرانی لە کۆمەڵەی حەوتەمدا لەگەڵ هەڵبژاردەکانی بەلجیکا، میسر و نیوزلەندا کۆکردووەتەوە، بڕیاریشە یارییەکانی لە شارەکانی لۆس ئەنجلۆس و سیاتڵ ئەنجام بدات، لە چوارچێوەی پاڵەوانێتییەکەدا کە لە نێوان ١١ی حوزەیران تا ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٦ بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوە: ئاژانسەکان