نەینەوا – INA – محەمەد حەداد

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ دووشەممە جەختی لەوە کردەوە کە دووبارە کردنەوەی مەرزی سنووریی ڕەبیعە لەگەڵ لایەنی سووری، دەروازەیەکی ئابووریی گرنگی ڕەخساندووە و دەبێتە بەشێک لە پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان".

دەخیل بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "دوای پچڕانێک کە زیاتر لە 13 ساڵی خایاند، مەرزی سنووریی ڕەبیعە لەگەڵ لایەنی سووری دووبارە کرایەوە، کە یەکێکە لە مەرزە زیندوو و گرنگەکان."

پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم مەرزە گرنگە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و بازرگانی هەیە، بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا،" ڕوونیشی کردەوە کە "ئەم مەرزە هۆکارێکی ئابووری و بازرگانییە بۆ عێراق و سووریا، جگە لە ڕەخساندنی هەلی کار و ئاڵوگۆڕی کاڵا لە نێوان هەردوو وڵاتدا، هەروەها دەبێتە بەشێک لە دیدگای ڕێگای گەشەپێدان."

دەخیل جەختی لەسەر گرنگیی مەرزەکە و ڕۆڵی لە بوژاندنەوەی ئابووریی ناوخۆیی و بەهێزکردنی پەیوەندییە سنوورییەکان کردەوە، و ئاماژەی بەوە دا کە "بە شێوەیەکی فەرمی دەستکراوە بە گواستنەوەی کاڵا و بارهەڵگرەکان لە ڕێگەی مەرزی سنووریی ڕەبیعەوە."

لە لایەکی تریشەوە، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، فەریق عومەر عەدنان وائیلی، ئەمڕۆ دووشەممە دووپاتی کردەوە کە دووبارە کارپێکردنەوەی مەرزی ڕەبیعە گۆڕانکارییەکی جۆرییه‌ بۆ سیستەمی دەروازە سنوورییەکانی وڵات، و ئاماژەی بەوە کرد کە مەرزەکە بە نوێترین سیستەمی پشکنین و کۆنترۆڵ ئامادە کراوە، لەوانە ئامێرەکانی پشکنینی تیشکی (سۆنار) و سیستەمی چاودێریی هاوچەرخ.