هه‌ولێر - INA

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند؛

شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جێنۆساید بوون کە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام درا.

له‌ پەیامی سەرۆک وەزیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ كۆپییه‌كی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ " شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جێنۆساید بوون کە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام درا و بووە هۆی بێسەروشوێن بوون و شەهیدکردنی هەزاران خەڵکی بێتاوانی کوردستان و خاپوورکردنی هەزاران گوند و دێهاتی کوردستان.

بارزانی له‌ په‌یامه‌كیدا ئه‌وه‌یش وت "ئەم جێنۆساید و کۆمەڵکوژیيانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان کران، پێویستە هەمیشە لە یادماندا بمێنن و نەوەکانمان بزانن کە دەستکەوتەکانی ئێستامان بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون و کەسیش خێری پێ نەکردووین، بەڵکوو بەرهەمی خەبات و خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرزی کوردستانە".

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌"لەم یادەدا، جەخت دەکەینەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیاریەتيی ئەخلاقی و دەستووريی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایان، قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهید و ئەنفالکراوانەی کوردستان بکاتەوە.

له‌ كۆتاییدا بارزانی وتیشی "لە سی و هەشتەمین ساڵیادی ئەنفالدا، سڵاو لە گیانی پاکی ئەنفالکراوان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان".